هاتوچۆ بەدوایانەوەیە
شەقامی بەردەم پارکی سامی عەبدولڕەحمان کرایە گۆڕەپانی پێشبڕکێ
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ژمارەیەک گەنج شەقامی بەردەم پارکی سامی عەبدولڕەحمانیان لە هەولێر کردە گۆڕەپانی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆش دەڵێت، لە رێگەی گرتە ڤیدیۆییەکانەوە بەدوای شۆفێرەکاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی سزایان بدەن.
پەیامنێری 964 کاتژمێر 4:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 3.10.2025، کۆبوونەوەی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی لەسەر شەقامی بەردەم پارکی سامی عەبدولڕەحمان تۆمار کرد، کە خەریکی پێشبڕکێ و نمایشکردنی توانای بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکانیان بوون، راستەوخۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێری ئاگادار کردەوە و گرتە ڤیدیۆییەکەی بۆ ناردن.
هێمن حەمەدئەمین، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە 964ـی وت، “راستەوخۆ لە رێگەی ڤیدیۆکەوە هەوڵ دەدەین ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بدۆزینەوە و رووبەڕووی یاسایان بکەینەوە.
وتیشی، ئەو کەسانەی سەرپێچییکەیان کردووە سزا دەدرێن، جا بەسزا مادی بێت یان دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان، جەختیشی کردەوە کە پێشبڕکێکردن لەسەر شەقامە گشتییەکان قەدەغەیە و سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر