کاردانەوەى زمان لە تورکیا
جگە لە زمانی تورکی هیچ زمانێکی تر بەکارناهێنرێت
کاردانەوەی چالاکییەکی “دژ بە زمانی کوردی” لە ئامەد
964+
ژوورى هەواڵ
لە ڕۆژی 26ـی ئەیلول، هاوکات لەگەڵ “جەژنی زمانی تورکی”، چالاکییەک لە کۆلێژی TEDی ئامەد ئەنجامدرا کە کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە و وەک هەوڵێکی دژ بە زمانی کوردی لێکدرایەوە.
لە ئەمڕۆ بەدواوە لە دیوان، دەرگا، بارەگا، مەجلیس و مەیداندا جگە لە زمانی تورکی هیچ زمانێکی تر بەکارناهێنرێت
لە چالاکییەکەدا کە لە ناوەندێکی خوێندنی ناحکومی بەڕێوەچوو، خوێندکاران دروشمێکیان بەرزکردبۆوە کە تێیدا فەرمانێکی مێژوویی قارەمانئۆغڵو محەممەد بەگی تێدا نوسرابوو: “لە ئەمڕۆ بەدواوە لە دیوان، دەرگا، بارەگا، مەجلیس و مەیداندا جگە لە زمانی تورکی هیچ زمانێکی تر بەکارناهێنرێت”.
خوێندنەوەی ئەم فەرمانە لەلایەن منداڵێکەوە، کە ئاماژەیە بۆ قەدەغەکردنی زمانەکانی تر، ناڕەزایەتیی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت لەلایەن خێزانی قوتابییەکانەوە کە بەبێ ئاگاداری ئەوان منداڵەکانیان بەشداری پێکرابوو.
ئەم بابەتە کاردانەوەى فراوانى لێکەوتەوە و سەندیکای پارێزەرانی ئامەد لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا کە لە کاتێکدا گفتوگۆ لەسەر مافەکانی زمانی دایک و چارەسەری دیموکراتیانە لە تورکیادا دەکرێت، ئەم جۆرە مامەڵانە نوێکردنەوەی سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەکانی ترە.
سەندیکاکە جەختی کردەوە کە ئەرکی دامەزراوە پەروەردەییەکان پەرەپێدانی تێگەیشتنی فرەیی و پاراستنی ناسنامە و زمانە جیاوازەکانە، نەک دووبارە بەرهەمهێنانەوەی عەقڵیەتی تەکڕەویى.
لاى خۆیەوە، پلاتفۆرمی رەنج و دیموکراسی ئامەد، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: “هیچ کێشەیەک لەگەڵ پیرۆزکردنی رۆژی زماندا نییە، بەڵام ئێمە دژی ئەو عەقڵییەتەین کە تاکزمانی بەسەر زمانەکانی تردا دەسەپێنێت و قەدەغەکردنی زمانەکانی تر بە رەوا دەزانێت.”
هەرچى کۆلێژى TEDـى ئامەدە، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە کە چالاکییەکە لەلایەن مامۆستایەکەوە و بەبێ ئاگاداری ئیدارەی ناوەندەکە ئەنجامدراوە،
“ئێمە باوەڕمان وایە پێکەوەژیان و گەشەی هاوبەشی زمان و کەلتوورە جیاوازەکان بۆ منداڵەکانمان مایەی دڵخۆشییە”، کۆڵێژەکە وا دەڵێت.