شەوى رابردوو دۆخەکە شڵەقا
پلانى تیرۆرکردنى موقتەدا سەدر چى بوو؟
964+
ژوورى هەواڵ
“ئاگاداربە! پلانێک دژی تۆ داندراوە دەیانەوێت بە درۆن بتکوژن، لە چەند رۆژی داهاتوو هەموو شتێک روون دەبێتەوە”، ئەم چەند وشەیە بەس بوو بۆ ئەوەی دوێنێ دۆخی بەغدا بەتەواوی تێک بچێت، درەنگانی شەویش لەپڕ دۆخەکە شڵەژاو هەموو شتێک بەسەر یەکدا شێوا، هێزە ئەمنییەکان کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەو خەڵکێکی زۆر رژانە سەر شەقامەکان، کەس نەیدەزانی چی روودەدات، دەوترا رەنگە کودەتایەکی سەربازی لەئارادا بێت.
ئەم بارە نائاساییە چەند کاتژمێرێک دوای قسەکانی ترەمپ هات کە وتی،”شتێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت”، هەندێ کەس ئەم دوو رووداوەیان گرێ دەدایەوە پێکەوە.
راستى مەسەلەکە ئەمەیە
عەلی فازڵ رۆژنامەنووسێکی دیاری عێراقییەو لە دەرەوە دەژی، پێشتر چەند دەنگێکی دزە پێکراوی مالیکی بڵاوکربووەوە، دوێنێ شەو لە ڤیدیۆیەکدا دەنگی دزە پێکراوی (یاسر سخێڵ)ـی بڵاوکردەوە، ئەم یاسرە پەرلەمانتارێکی سەر بە مالیکییە و لە کەسە هەرە نزیکەکانییەتی.
لەو دەنگەدا قسە بە پارتی و یەکێتی و بەشێکی تر لە هێزەکانی عێراق دەڵێت، لە کۆتایی ئەو ڤیدیۆیە عەلی فازڵی رۆژنامەنووس پەیامێکی بۆ موقتەدا سەدر ناردو پێی وت:”سەید ئاگاداربە دەنگێکی دزە پێکراوی یاسر سخێڵ و دوو فەرماندەی چەکدار هەیە دەیانەوێت بە درۆن تیرۆرت بکەن لەو کاتەی دەتەوێ سەردانی مەزاری باوکت بکەیت، ئاگاداری خۆت بە”.
ئەم قسەیە بەس بوو بۆ ئەوەی هەموو دۆخەکە تێک بچێت و هەوادارانی سەدر لە بەغداو بەسرەو شارەکانی تر بڕژێنە سەر شەقامەکان.
بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە هەندێ هێور بووەوە، چونکە سەدر لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوت لەو کاتەی سەردانی گۆڕەکەی باوکی دەکات لە نەجەف.