قەزای خەبات. وێنە:964+
195 ملیار دیناری تێدەچێت
قەزای خەبات بە پڕۆژەیەکی گەورەی ئاو رزگاری دەبێت
964+
توانا نەقی
قەزای خەبات و دەورووبەری بە پڕۆژەیەکی گەورەی ئاو کە رەزامەندی لەسەر دراوە نەجاتی دەبێت لە کەمئاوی و ئیتر ئەو کێشەیان نامێنێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویکردەوە، بە تێچووی 195 ملیار دینار و لەسەر بودجەی وەزارەتەکە دەست دەکرێت بە پڕۆژەی ئاوی خەبات و ئەو سنوورە رزگاریان دەبێت لە کێشەی ئاوی خواردنەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە 16.6.2025ـەوە نوسراو کراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیاران و ئەمڕۆ رەزامەندی درا و قەزای خەبات گەورە پرۆژە ئاوەکەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پڕۆژەی ئاوی خەبات، لە رۆژێكدا توانای بەرهەمهێنانی 120 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە، زیاتر لە 400 هەزار كەس لە سنووری قەزای خەبات و ناحیەكانی رزگاری و تۆبزاوە و كەورگۆسك و 40 گوندی سنوورەكەش تا ساڵی 2050 لێی سوودمەند دەبن.
وەزارەتی شارەوانی روونیکردووەتەوە، وێڕای ژمارەیەك خەزان و پێگەی سەرەكی پڕۆژەكە، درێژی بۆرییەكانی نزیكەی 300 كیلۆمەترە و پێنج كیلۆمەتریش كارەبای لەگەڵدایە، ئێستا كار لەسەر قۆناغەكانی پڕۆسەی تەندەرین دەكرێت و بەمزووانە ئەم گەورەپڕۆژەیەش لە هەولێر دەكەوێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.