خاوەنى ئامێرى پێشکەوتووین
رێبەر ئەحمەد: لەمەودوا ئاگرەکان بە درۆن دەکوژێنینەوە
964+
وریا فەتاح
وەزیرى ناوخۆى هەرێم رایگەیاند کە خاوەنى باشترین و پێشکەوتوترین ئامێرەکانى بەرگرى شارستانین و لە داهاتووشدا درۆن بەکاردەهێنن بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونى سەرۆکى حکومەت، رێبەرێکی حەوت بەرگی لەبارەی سەلامەتی فریاکەوتن بڵاوکرایەوە و تێیدا رێبەر ئەحمەد وردەکارى رێبەرەکەى خستەڕوو.
بەپێى رێبەرەکە و ئەوەى پەیوەندى هەیە بە سەلامەتی پاراستنی باڵەخانەکان لە ئاگر، رێبەر ئەحمەد وتى،”رێبەرى کۆدەکانى سەلامەتى لە 5.1.2021ـەوە دەست بە نوسینى کراوە، بەپێى ئەم رێبەرە هەرێم دەبێتە کۆدى خۆى لەبوارى سەلامەتى، هەروەها دەبێتە دەستورى بنیاتنانى بیناو پڕۆژەکان و کارگەکان و بەهۆیەوە بوارى کارەسات کەم دەکاتەوە”.
وەک ئەوەى رێبەر ئەحمەد باسى کرد، لە هەرێمى کوردستان خاوەنى پێشکەوتوترین ئامێرەکانى بەرگرى شارستانین، لە داهاتووشدا بە درۆنى پێشکەوتوو ئاگرەکان دەکوژێننەوە”.
داواش دەکات، وەبەرهێنەر و خاوەن پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون، بوارى سەلامەتى بەرگرى شارستانى رەچاو بکەن و گرنگى بە کردنەوەى بنکەى بەرگرى شارستانى بکەن لە پڕۆژەکانیان، چونکە وەک دەڵێت: کەمتەرخەمى کراوە و لە پڕۆژەکان رەچاوى قەبارە و کێشى ئۆتۆمبیل و پەیژەکانى بەرگرى شارستانى نەکراوە.