خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی پێنجوێن - وێنە: ئەرشیفی 964
راگەیەندراویان هەیە
نوێنەری مامۆستا و فەرمانبەرانی پێنجوێن: فشار بکرێ خۆپیشاندان دەکەین
964+
ئەحمەد مستەفا
مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی پێنجوێن دەڵێن، سەردەمی دەوامکردنی بێ موچە کۆتایی هاتووە، لە ئەگەری بەردەوامی فشار و ناڕەزایەتییەکان فراوان دەبن و بڕیاری خۆپیشاندان دەدەین.
ئەوان ئەمڕۆ شەممە 27.9.2025 لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بینوویەتی دەشڵێن، سەرەڕای ئەوەی هیچ مافێکیان وەک خۆی نەچەسپاوە و پلەبەرزکردنەوە و بە نیشتیمانی “تەوتین” کردن نەکراوە، لە کۆتایی مانگی نۆ دان، موچەی مانگی حەوت نەدراوە و دڵنیایین لەباشترین حاڵەتدا سێ مووچەی 2025 فەوتاوە ز
لە بارەی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن، نوسیوویانە، بۆیە بڕیاری بایکۆت و نەچوونە هۆڵەکانی خوێندن بەشێوەیەکی خۆرسکانە و هەڵوێست وەرگرتن لە بەرانبەر ستەمی دەسەڵات، بەمافێکی رەوای خۆیانی دەزانن.
زۆرکردن لەمامۆستایان و چاوسورکردنەوە و هەرەشەی غیابدان و هەڕەشەی لەجێگادانان رەت دەکەینەوە، کە هەندێ کەس لەپێناو بەرژەوەندی کەسی و حیزبی خۆیان دەرحەق بە مامۆستایان ئەنجامی دەدەن، ئەوەش بە گوێرەی هەمان راگەیەنداو.
مامۆستایانی خۆڕاگرو مافخوراو
بەڕێوبەر و یاریدەدەرە بەهەڵوێستەکان
فەرمانبەرانی ماف دزراوی بەش خوراو
خوێندکاران و دایکان و باوکانی ئازیز
چین و توێژە جیاوازە ستەمدیدەکان*ئاشکرایە ستەمی دەسەڵات و کابینەکانی حکومەت لەماوەی یانزە ساڵی ڕابردو لەدزینی قوتی ماڵو منداڵەکانمان بەردەوامی هەیە .
* هەرچەند ئومێدمان هەبو ساڵی تازەی خوێندن کۆتایی بەم نەهامەتیە بێت لەسەر مامۆستایان و فەمانبەران ، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵیش خواردن و دزینی شایستە داراییەکانمان پێدەنێتە ساڵی دوانزەهەم ،ستەمی (بەناو پاشەکەوت ولێبڕین و وەستانی پلەبەرزکردنەوە و چەندین ناوی داتاشراوی تر)هەر بەردەوامە.
*بۆیە بڕیاری بایکۆت و نەچونە هۆڵەکانی خوێندن بەشێوەیەکی خۆرسکانە و هەڵوێست وەرگرتن لەبەڕانبەر ستەمی دەسەڵاتی ملهوڕی دزی موچەکانمان بەمافێکی ڕەوای خۆمانی دەزانین.
* لێرەوە ڕایدەگەیەنین سەرەڕای ئەوەی هیچ مافێکمان وەک خۆی نەچەسپاوە و پلەبەرزکردنەوەو بەنیشتیمانی (توگین)کردن نەکراوە، هەروەها لەکۆتایی مانگی نۆداین موچەی مانگی حەوت نەدراوە و دڵنیایین لەباشترین حاڵەتدا (۳)موچەی ۲۰۲٥فەوتاوە هاوشێوەی مانگی ۱۲ی ساڵی ڕابردو بۆیە دەڵێین سەردەمی دەوامکردنی بێ موچە کۆتایی هاتوە.
* زۆرکردن لەمامۆستایان و چاوسورکردنەوەو هەرەشەی غیابدان و هەڕەشەی لەجێگادانان ڕەت دەکەینەوە و کەهەندێ کەس لەپێناو بەرژەوەندی کەسی وحیزبی خۆیان دەرحەق بە مامۆستایان ئەنجامی دەدەن ، لێرەوە دوپاتی دەکەینەوە لەئەگەری بەردەوامی فشارەکان ناڕەزایەتیەکان فراوان دەبن و بڕیاری خۆپیشاندان دەدەین.
(نوێنەرانی مامۆستایانی پێنجوێن)لە
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی
دەستەی داکۆکیکردن لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی
شەمە ۲۷/۹/٢٠٢٥