هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە و تەنیا زیانی مادی هەبووە
ئاگر لە پووش و پەڵاشی گوندێکی ناحیەی رزگاری زاخۆ کەوتەوە
964+
ژێوار خدر
لە گوندی پێشابووری سەر بە ناحیەی رزگاری، ئاگر لە بڕێکی زۆر پووش و پەڵاش کەوتەوە و زیانی بە ناوچەکە گەیاند، بەڵام تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانییان لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن
بەرگری شارستانی زاخۆ رایگەیاند، کاتژمێر 10:40 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 26.9.2025، ژووری کۆنترۆڵی بەرگریی شارستانی ئاگادار کراوەتەوە لە کەوتنەوەی ئاگر لە پووش و پەڵاشی گوندی پێشابوور، دەستبەجێ تیمەکانی بنکەی بەرگریی شارستانیی پێشابوور بەرەو شوێنی رووداوەکە بەڕێکەوتن.
دەشڵێت، تیمەکان دوای گەیشتنیان بە شوێنی مەبەست، توانییان لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن و رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری بۆ ناوچەکانی دەوروبەر بکەن و رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە و تەنیا زیانی ماددی بەو پووش و پەڵاشە گەیاندووە.