بۆ ئاگر و سەرماش بە هەمان شێوە
رووپۆشێک کۆتایى بە دەنگەدەنگ و گەرمى دەهێنێت
964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر
لە پێشەنگاى نێودەوڵەتى بونیاتنان لە عێراق کە لە شارى هەولێر بەڕێوەدەچێت، جۆرە رووپۆشێک نمایشکراوە کە دژە ئاگرە و ساردى و گەرمى و دەنگیش ناگوێزێتەوە.
ئەندازیار بەندەر محەمەد، بە 964ـى وت،”ئێستا سەردەمى پێشکەوتن و تەکنەلۆژیایە، بۆیە ئەو رووپۆشە زۆر تێچوو کەم دەکاتەوە، چوونکە تواناى بەرگەگرتنى 1200 پلەى سیلیزى ئاگرى هەیە لە ماوەى شەش کاتژمێردا و بە دژە ئاگر ناسراوە”.
وەک باسى دەکات، کارەبا تێچووى زۆرە، بۆیە لە رووپۆشکردنى خانووەکان بەم مادەیە، نەک هەر گەرمى، بەڵکو رێگرى لە سەرما و رتوبەش دەکات و تێچووەکەى کەم دەکاتەوە.
“ژاوەژاو زۆرە و کە چویتەوە ماڵەوە پێویستت بە کەشێکى ئارامە، ئەو رووپۆشە بە رێژەى 100%، رێگرى لە هاتنەناوەوەى دەنگ دەکات”، ئەندازیار بەندەر محەمەد واى وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح