لۆگۆى سەنتەرى میترۆ
سەنتەری میترۆ:
“وتەبێژی حكومەت هەڕەشە لە هەموو میدیاكان دەكات”
964+
شۆڕش قادری
سەنتەری میترۆ دەڵێت، کاری وتەبێژی حکومەت نییە، پۆستەكەی بۆ هەڕشە و جیاكاری بەكاربهێنێت، بەڵکو رۆڵی ئەو كارئاسانیە بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان بە شێوەیەكی شەفاف و دوور لە جیاكاری و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای رق و جیاوازی بیروڕا.
سەبارەت بە لێدوانەکەی ئەمڕۆی پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم، لەبارەی ئامادەنەبوونی پەیامنێری کەناڵێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، سەنتەری میترۆ بۆ داکوکی لە مافی رۆژنامەنووسان راگەیەنراوێکی بەناوی، “وتەبێژی حکومەت هەڕەشە لە هەموو میدیاکان دەکات”، بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، لێدوانەکە دەرخەری هەڵكشانی ئامرازەكانی بەربەستدانانن لە بەردەم ئازادی رۆژنامەگەری و زانیاری و بازدانە بەسەر یاسای رۆژنامەگەری و ئاكارەكانی میوانداری میدیاكاران.
دەقی راگەیەنراوکەی سەنتەری میترۆ لە خوارەوە؛
وتەبێژی حكومەت هەڕەشە لە هەموو میدیاكان دەكات
سلێمانی، 24ی ئەیلولی 2025:
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، لێدوانەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كەناڵی رووداو و كەناڵ8، دەرخەری هەڵكشانی ئامرازەكانی بەربەستدانانن لەبەردەم ئازادی رۆژنامەگەری زانیاری و بازدان بەسەر یاسا رۆژنامەگەری و ئاكارەكانی میواندری میدیاكاران.
ئەمڕۆ لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتی پرسیارێكی ئەیوب وەرتێی، پەیامنێری كەناڵ8 دا لەبارەی هۆكاری ئامادەنەبوونی پەیامنێری كەناڵی رووداو، وتی” كاتێك ئامادە دەبن كە هەست بكەم ئیلتزاماتی پیشەییانە هەیە، لەوانەیە رۆژێك رووبدات تۆش لەناو كۆنگرەكانی ئێمەدا نەبیت”.
وەڵامەكەی وتەبێژی حكومەت، هەڕەشەیە بۆ هەموو ئەو كەناڵانەی تر گەر بەپێی پێوەرە پیشەییەكانی وتەبێژ روماڵی هەواڵەكانی حكومەت نەكەن لە پێشەوایاندا كەناڵ8، هەروەك جەختكردنەوەیشە لەسەر بێ نرخكردنی یاسای رۆژنامەگەری كە رێگەی داوە رۆژنامەنووس لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا ئامادە بێت.
كاری وتەبێژ نییە لە كۆنگرەكانیدا پۆستەكەی بۆ هەڕشەو جیاكاری بەكاربهێنێت ئەو رۆڵی كارئاسانیە بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان بە شێوەیەكی شەفاف و دوور لە جیاكاری و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای رق و جیاوازی بیروڕا.
بە پێی زانیارییەكانی میترۆ، كەناڵی رووداو بانگهێشتی ئەو كۆنگرەیە كراوە، كە گەیشتوونەتە شوینی كۆنگرەكە، پێیان وتراوە مایكەكەیان دانەنێن.
ئەم رەفتارە نەك بازدانە بەسەر یاسای رۆژنامەگەری، بەڵكو پێچەوانەی ئەتەكێتی میوانداری میدیاكارانە، ئەو پرسیارەیش دەوروژێنێت كە رووداو بەپێی پێوەری پیشەیی و وتەبێژی حكومەت روماڵ ناكات، بۆ بانگهێشتیان دەكەن؟ كە بانگهێشتیان دەكەن بۆ ناهێڵن مایكەكەی بخاتە بەردەمتان؟
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، لێدوانەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كەناڵی رووداو و هەڕەشەكردن لەكەناڵ8 دەرخەری هەڵكشانی ئامرازەكانی بەربەستدانانن لەبەردەم ئازادی رۆژنامەگەری و زانیاری، بازدانیشە بەسەر یاسای رۆژنامەگەری و پێچەوانەی لانی كەمی ئاكارەكانی میوانداری میدیاكارانە بۆ چالاكی رەسمی.