هێشتا رەمەزان نەهاتووە؛ کیلۆیەک خورمای دەرەجە یەک 24 هەزار دینارە

+964
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

حاڵی حازر لە بازاڕەکاندا خورما هەرە هەرزانەکەی کیلۆی دەگاتە 2500 دینار، هەرە گرانەکەیشی دەگاتە 24000 دینار.

خورما هەرزانەکە لە سلێمانی پێی دەڵێن، “دەرەجە یەک”.

سەردار حەمە تاڵیب، هاوردەکارێکی خورمایە لە وڵاتانەوە بۆ عەلوەی سلێمانی، بە تۆڕی 964ی وت، ئەگەر باجی گومرگ کەمنەکرێتەوە لەسەریان، ئەوا کیلۆی دەرەجە یەکەکە دەگاتە 26000 دینار.

ئەو باسی لەوە کرد، ئێستا ھەریەک لە جۆرەکانی خورمای ئێرانی، سعودی، عێراقی و فەڵەستینی بۆ ناو بازاڕی سلێمانی ھاوردە دەکرێن.

“بە نرخی کۆ، خورما یەک کیلۆی لە 2,500 دینار بۆ 24,000 ھەزار دینار ھەیە، بەڵام ئێستا خورمای زەھەبی کە وشکە، خەڵک خواستی زۆری لەسەرە و یەک کیلۆی بەنرخی کۆ بە 1,250دینارە و کەمی نرخەکەی خواستی لەسەر زیادکردووە”، سەردار حەمەتاڵب وای وت.

ئەو ھاوردەکاری خورمایە دەڵێت، بەھۆی ناجێگیری بەھای دۆلار، گرانبوونی کرێی کارەبا ناتوانن وەک پێویست خورما کۆگا بکەن، ئەگەر پێشتر توانای 200 تۆن خورمایان ھەبوایە ئێستا دەتوانن کەمتر لە 100 تۆن کۆگا بکەن، ئەوەشی وت، “کاتێک لە دەروازەکان بارھەڵگرێک خورما ھاوردە دەکەین بە کۆی باجە گومرگییەکان حەوت ھەزار دۆلار وەردەگرن لێمان، بەناچاری بۆ دەرھێنانەوەی تێچووی خۆمان ئێمەش نرخ گران دەکەین”.

پێداجوونەوە: هێمن بەکر