پەیامنێری 964 ئەمڕۆ دەستگێڕە

خاوەنی نۆ سەر خێزانە و بە کلێنکس فرۆشتن بژێوی ژیانی دابین دەکات

964+

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

هەر هاواریەتی بۆ فرۆشتنی کەلوپەلەکانی دەستی کە تێچووەکەی 13 هەزار دینارە، بەڵام هەر لە بەیانی تا ئێوارە تەنیا بایەی 3500 دیناری فرۆشت.

هیچ کارێک ئاسان نییە و هەر پیشەیەک زەحمەتی خۆی هەیە، بەڵام هەندێک پیشە هێندە گرانە بۆ پەیداکردنی عانەیەک ژیانت دەکاتە قوربانی و هێشتاش بەشی بژێوی ناکات، ئەحمەد شەمزین پەیامنێرە چالاکەکەی 964 ئەمجارەیان دەستگێڕە و کۆڵان و ترافیک و شەقام و بازاڕەکان دەکات بۆ فرۆشتنی، کلێنکس و بنێشت و شیعربەنات یاخود پەشمەک.

هەر بەیانی زوو کەوتەکار و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لە ترافیکێک مایەوە، بەڵام نەیتوانی یەک پارچەش بفرۆشێت، سەختر لە هەمووی فرۆشتنی شیعربەناتەکەی بوو، چونکە دەتوایەوە و دەبوو هەر زوو بیفرۆشێت، دوای چەندین کاتژمێر و گەڕانی بازاڕیش هەرچۆنێ بوو بایەی 1500 دینار فرۆشی هەبوو.

خەلیل رەزوان خاوەنی 9 سەرخێزانە و ساڵانێکە بەهۆی دۆخی تەندروستیەوە پیشەی کلێنکس فرۆشتنە و رۆژانە چاوەڕوان دەبێت تا ئۆتۆمبێلێک بە خێری خۆی لەم جێگا بۆ ئەو جێگا یان بۆ ماڵەوە بیگوازێتەوە و نەبێ ناتوانێت بڕواتەوە و ناتوانێت منداڵەکانیشی بخاتە بەر خوێندن و دەڵێت، چاوێکم سەقەت بووە و ناتوانم سەردانی پزیشکی باش بکەم، کرێچیم و پارە پەیداکردن زۆر زۆر قورسە”.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح

"کرێکارەکان مەینەتی زۆر دەبینن"