نان لە قوڕگی شێردایە
“کرێکارەکان مەینەتی زۆر دەبینن”
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
هیچ کارێک ئاسان نییە، بەڵام ماندووبوونی هەندێکیان زیاترە لە مایەکەی و رەنگە زیان بە تەندروستیشت بگەیەنێت، وەک کاری ئەم کرێکارانە کە بە پڕکردنی فەردە گەچەکان عانەیەک پەیدا دەکەن.
پەیامنێرە بەتواناکەی 964 ئەمجارەیان پیشەی گەچ لەفەردەکردن تاقیدەکاتەوە لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی گەچدا، هەوای شوێنەکە ناخوێنە و کاریگەری دەخاتە سەر هەناسەدان و بینایی چاوەکانیش، هەربۆیە چاویلکەی تایبەتی لە چاوکردووە و بە ملپێچێک دەم و لوتی گرتووە، تا تووشی گرفتی تەندروستی نەبێت، بەڵام وەک خۆی باسی دەکات هیچ گرەنتیەک نییە.
ئیشەکە ئاسان نییە و بە پڕکردنی 100 فەردە گەچ ئینجا 10 هەزار دینار وەردەگرێت، پلەی گەرمی گەچەکە دەبێتە هۆی سوتانی دەستەوانەکان، بەر سێبەرەکەش لەبەر خۆرەکە گەرمترە، لەگەڵ ئەوەش کۆمەڵێک کرێکار بەردەوام دەبن لەم کارە تا بژێوی ژیانیان دابین بکەن، خاوەن کارگەش خواردنیان بۆ دابین دەکات.
رەحمان مامە 21 ساڵە ئیشی گەچی دەکات و خاوەن کارگەیە، باس لەوە دەکات ئیشێکی زۆر ناخۆش و قورسە و کرێکارەکان مەینەتی زۆر دەبینن، پارەکەی لە قوڕگی شێردایە و زیانی تەندروستیشی زۆرە و چەندین کرێکار لەم ئیشە شەهید بوون.
ئەحمەد شەمزین دەڵێت، زۆر قورسە و ئارەق بە گشتی گیانم دێتە خوارەوە و بەڕاستی بەجۆرێکە بەرگە گرانە و سەرم دەسوڕێت و دەستیشم دووجار سووتا، تەنیا توانی شەش فەردە پڕ بکات.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح