سوپا داوای جوتیارانی کورد دەکات

کێشەی تەپەسەوز چارەسەر نابێت و ساتر بەدەوری گوندەکەدا لێدراوە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

دۆخی جوتیارانی گوندی تەپەسەوز لەسنووری خورماتوو تادێت ئاڵۆزتر دەبێت و دادگا داوای جوتیارانی کردووە و ساتر و بەربەستی بەدەوری گوندەکەدا لێداوە.

مەجید حەمید، جوتیارێکی گوندی تەپەسەوزە بە 964ـی وت، “دوێنی جارێکی تر پۆلیس ئاگادارکردنەوەی بۆ هێناوین و تێیدا هاتووە کە دەبێت رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە پێش دادگا ئامادەبین و هەر دوێنێش هێزێکی ئەمنی هاتنە سەر گوندەکەمان و رێگا لاوەکیەکانی دەوری گوندەکەیان بەخۆڵ داخست و لەئێستادا تاکە رێگایەکیان هێشتووەتەوە ئەویش رێگای هاتن و رۆیشتنە بۆ ناو گوندەکە”.

وتیشی، پێمان وایە ئەم هەنگاوە هەڕەشەیە بۆ سەر دانیشتووانی گوندەکە، چونکە لەهەر کاتێکدا بێت سوپا بۆ دەستگیرکردنی جوتیاران هەڵدەکوتێتە سەرمان و هیچ کەسێک لەئێمە ئامادە نییە خۆی بەدەستەوە بدات و رێگەش بەکەس نادەین زەویەکانمان لێ داگیربکات.

یاسین مەحەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە 964ـی وت،”ئێمە ئاگاداری ئەو بەربەستانە نین کە بەدەوری گوندەکەدا دانراوە، بەڵام پشت لەجویتارانی خۆمان ناکەین و پاڵپشتیان دەکەین و هێزەکەش هیچ شتێکی لەدەست نایەت، جگە لەوەی رەنگە جوتیاران بەزەبری هێز ببەنە دادگا و ئەوانیش ئەگەر هێزیان بەکار هێنا ئێمە قبوڵی ناکەین و لەپشت جوتیارانمان دەبین.

وتیشی، لەرێگەی 964ـەوە داوادەکەم ئەم بابەتە زیاتر گرنگی پێ بدرێت و بورژێندرێت، بۆ ئەوەی لایەنەکانی دیکە پاڵپشتمان بن و بێنە سەر خەت و قبوڵی نەکەن بەو شێوازە ساتر بەرزبکرێتەوه بەدەوری گوندەکەدا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

عەرەبى هاوردە و جوتیارانى گوندى تەپە سەوز رووبەڕووى یە...

عەرەبى هاوردە و جوتیارانى گوندى تەپە سەوز رووبەڕووى یەکترى وەستاون