رێکخراوێک سەرقاڵی کارەکەیە

67 هەزار کەس جلی بەخشینییان پێ دراوە

964+

رێباز خدر – هەولێر

لە هەولێر، رێکخراوی یەکترقبوڵکردن (AOO)، هەڵمەتێکی هاوکاری مرۆیی راگەیاندووە، بۆ ئەو کەسانە کە توانای کڕینی جلوبەرگ و پێڵاو و پێداویستییەکانی نیە، لە ژێر دروشمی “ژیان بە بەخشینەوە جوانە”.

ئەوان هەستاون بە دانانی زیاتر لە 50 بۆکسی کۆکردنەوەی جلوبەرگی بەکارهاتوو، لە گەڕەک و پڕۆژە نیشتەجێبووەکانی هەولێر.

ئاری دڵشاد، سەرۆکی رێکخراوەکە بە 964 ی وت، ئامانجی ئێمە لەم پڕۆژەیە سودمەندبوونی کەسانێکە، کە توانای دابینکردن و کڕینی جل وبەرگیان نیە، ئێمە دەمانەوێت ئەو کەسانەی کە جلەکانیان بەکارناهێنن و دەیانەوێت فڕێی بدەن، با لە رێگای ئەو بۆکسانەی دانراون، ئەوا بە بەخشینی جلەکانیان دوبارە ژیان دەبەخشنەوە بە کەسانی نەدار و هەژار کە توانای کڕینیان نیە، وە سودێکی زۆریشی هەیە لە روی ژینگەوە، لە بری ئەوەی فڕێ بدرێن ئەوا دەتوانرێت بەکاربهێنرێتەوە جارێکی تر.

وتیشی، تەنیا لە سەرەتای ساڵی 2025 تاکو ئێستا نزیکەی  124 هەزار و  600  تەن جل و بەرگ کۆکراوەتەوە، بە کۆی گشتی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو نزیکە  482 هەزار و سێ سەدو شەست و یەک تەن جل و بەرگ کۆکراوەتەوە، وە نزیکەی 67 هەزار کەس تێیدا سودمەند بوونە.

دەشڵێت، داواکارین کە هەر کەسێک جل و بەرگ دەهێنێت، ئەگەر بتوانێت جلی پیس و خاوێن جیا بکاتەوە، بۆ ئەوەی جلەکانی تریش بەهۆی جلی پیسەوە، پیس نەبن.

رێکخراوی یەکترقبوڵ کردن، لە ساڵی 2014 دامەزراوە، کە لە بواری مرۆیی، پەروەردە، مافی ئافرەت، چەندین بواری تر کار دەکات، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە ئۆفیسی لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک هەیە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

بە مامۆستاکانی مزگەوت بوترێ داوای بەخشین لە کرێ خانوو ...

بە مامۆستاکانی مزگەوت بوترێ داوای بەخشین لە کرێ خانوو بکەن