بۆ یەکخستنەوەى پێشمەرگە
بڕیارێک لە سەرۆک وەزیرانەوە: دەبێت هەموو پێشمەرگەى کوردستان یەک یەکەى ژمێریارى هەبێت
964+
وریا فەتاح
سەرۆکى حکومەت لە پێناو یەکخستەوەى هێزەکانى پێشمەرگە بڕیارێک دەردەکات و جەختیش دەکاتەوە لە هەنگاوەکانى یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە.
مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت بڵاوى کردەوە، ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوونی رێکار و هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەمان کرد.
“دەستخۆشیمان لەو پێشکەوتنانە کرد کە تا ئێستا لە پرۆسەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە ئەنجامدراون و جەختیشمان لە پێویستیی تەواوکردن و سەرخستنی پرۆسەکە کردەوە”، مەسرور بارزانى وا دەڵێت.
وەک باسکراوە ژمارەیەک بڕیارى گرنگیان بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکان دەرکردووە، لەوانە یەکخستنی یەکە ژمێریارییەکان کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە رووی ژمێریاریی و داراییەوە، بە گوێرەی یاسا و رێنماییە داراییەکان.
یەکێکى تر لە بڕیارەکان، رێکخستنەوەی پێکهاتە و پەیکەربەندیی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگەیە، بە جۆرێک کە لەگەڵ چاکسازییەکانی حکومەت بگونجێت.
سەرۆکى حکومەت دەشڵێت: تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان، تایبەت بوو بە ئاسانکاریی لە راییکردنی مامەڵەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە کە پێویستە بەرژەوەندی پێشمەرگە لەبەرچاو بگیرێت.
سەرۆکى حکومەت جەختى کردووەتەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانى راسپاردووە کە پەلە بکەن لە راییکردنی مامەڵەکان و نابێت کێشە یاسایی و تەکنیکیەکان ببنە رێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەکانیان.
سەرۆکى حکومەت داواى کردووە، مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە، لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.