بەرپرسێک لە سەرۆکایەتی کۆمار؛

کاری ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ کێشە کارگێرییەکانی وەزارەت و دەستەکانە

964+

ئەحمەد مستەفا

ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ کێشە کارگێرییەکانی وەزارەت و دەستەکانە، بەهیچ شێوەیەک لە یاساکەیدا باسی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی نەکراوە، کەواتە ئەم کارە لە پسپۆری دادگای فیدراڵیە ،نەک ئەنجومەنی دەوڵەت.

ئەوە یەکێکە لە شیکردنەوەکانی هاوڕێ تۆفیق، یاسایی و بەرپرسی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لەبارە رۆڵی ئەنجومەنی دەوڵەت و توانا و دەسەڵاتی.

هاوڕی تۆفیق لەبارەی پەنابردنی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان ی هەرێم و بەغدا و پرسی نەوت لە ئەنجومەنی دەوڵەی لەبری دادگا، دەڵێ، رەنگە بەهۆی گۆرانکاری لە دادگای فیدراڵیدا، حکومەتی فیدراڵ، گومانی هەبێت کە لە دادگای فیدراڵی بریار لە بەرژەوەندی دەربچێت ،بۆیە پەنای بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت بردووە.

ئەم ئەنجومەنە لەساڵی 2017 وە لە وەزارەتی داد جیاکراوەتەوە و لەژێر سەرپەرشتی ئەنجومەنی دادوەریدایە. بەگوێرەی یاسا سەرۆکێکی هەیە بە پلەی وەزیر، لەگەڵ دوو جێگر و لەگەڵ 50 راوێژکار، لە ئێستادا بۆ پرسی داهاتی نانەوتی داوای رای لێکراوە، حکومەتی فیدراڵی باوەری وایە دیاریکردنی برگەکانی داهاتی نانەوتی کێشەیەکی کارگێرییەو لە پسپۆری ئەنجومەنی دەوڵەتەو رەهەندی دەستوری نیە.

ئەنجومەنی دەوڵەت

لەساڵی 1933لەسەردەمی پاشایەتیەوە ئەم ئەنجومەنە دروستبووە، تاوەکو پێش ساڵی 2017 پێی ئەوترا ئەنجومەنی شورا، پاشان سێ جار یاساکە و دەزگاکە هەموارکراوە، لەساڵی 1979 هەمواری یەکەم و لەساڵی 2013 دووەم و کۆتاجار 2017 ناوەکەی لە ئەنجومەنی شوراوە گۆردرا بە ئەنجومەنی دەوڵەت. ئەم دەزگایە تێکەڵەیەکە لە کاری دادوەریی و راوێژی یاسایی و لە خەڵکانی دادور و ئەکادیمی پسپۆر پێکهاتووە.

ئەم دامەزراوەیە ئێستا تەمەنی 92 ساڵە و تەمەنی لە تەمەنی دەوڵەتی تازەی عێراقەوە نزیکە، پێشتر سەر بە وەزارەتی داد بووە، لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت لە( دادگاکانی کاروباری فەرمانبەران، دادگای کارگێری، دادگای باڵای کارگێڕی) بەشی دووەم کۆمەڵێک راوێژکاری یاسایین، بەشی یەکەمیان کاری دادبینیە بۆ کێشە کارگێرییەکانی فەرمانبەران و داودەزگاکانی دەوڵەت و دەرکردنی بریاری دادوەری پێویست، کارێکی تری رادەربرینە لەسەر دەقەکانی قانون و رێنمایی و بریارەکان، واتە تەفسیرکردن، جگە لە وردبینی پرۆژەکانی قانون پێش ئەوەی بۆ پەرلەمانی بنێرن.

بە گوێرەی دەستور دادگای فیدراڵی پسپۆری تەفسیری هەیە، بەڵام جیاوازی پسپۆری نێوانیان خاڵێکە، دادگای فیدراڵی تەفسیری دەقی مادەکانی دەستوور دەکات و تەفسیرکردنی دەقی قانون و بریار و رێنمانییەکان لەشێوەی رادەربریندا بۆ ئەم ئەنجومەنە دیاریکراوە، بەڵام راکانی بە پێچەوانەی دادگای فیدراڵیەوە کە پابەندی تیایە، رای ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ لایەنی داواکار سەرپشک و ئازادە، کە کاری پێبکات، یان فەرامۆشی بکات.