"ئاوی ماڵان گیراوەتەوە"
ئاوی زێی بچووک لە ئاست تەقتەق قوڕاو بووە؛ حەوزی ماسی تەقیوە
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
جیاواز لە رۆژانی پێشوو، ئەمڕۆ خەڵکی تەقتەق لەبری دیمەنی دڵڕفێنی ئاوی زێی بچوک، ئاوێكی تابڵەی لێڵ و قوڕاویان بینی، هەر بەو هۆیەشەوە بێ ئاو بوون، قایمقامی تەقتەقیش دەڵێ حەوزی ماسی تەقیوە.
ئاسۆ مستەفا قایمقامی قەزای تەقتەق بە 964ـی وت، تەقینی حەوزی ماسی لە گوندی موخەڕەس بووەتەهۆی قوڕاوبوونی ئاوی زێی بچوک و هێزە ئەمنیەکانمان راسپاردووە لێکۆڵینەوە لە خاوەن حەوزەکە بکەن.
هەر سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە هۆگر کەیفی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆیە، ئەو وتی، لە ئێستادا دابەشکردنی ئاو لە قەزای تەق تەق بە تەواوی وەستاوە، بەڵام بۆ کۆیە کێشەی نیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە زووترین کاتدا کێشەی ئاوی تەقتەق چارەسەر دەکەن و ئاوی پاک دەگەڕێتەوە ماڵەکان.
پێداچوونەوە؛ شۆرش قادری