مانگرتوانى خانەقین

پێش نیوەڕۆ پۆلیس چادرەکەى تێکدان؛ دوانیوەڕۆ دایان نایەوە

964+

وریا فەتاح

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ، پۆلیسى خانەقین بە زەبرى چەک، چادرى دەرچوانى کۆلێژى زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکانى لابرد کە تەنیا داواکاریان ئەوەبوو، عێراق دانبنێت بە کۆلێژەکەیان، بەڵام دەرچوان کۆڵیان نەداوە چادرەکەیان هەڵدایەوە.

27 رۆژە، دەرچوانى کۆلێژى زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکانى خانەقین کە سەر بە زانکۆى گەرمیاننن لە دژى داننان بە بڕوانامەکانیان لەلایەن حکومەتى عێراقەوە گردبوونەتەوە و تەنیا یەک داواکاریان هەیە، عێراق دانبنێت بە زانکۆى گەرمیان یان ئەو کۆلێژەى کە لە خانەقینە بۆ ئەوەى بێبەش نەبن لە دامەزراندنەکانی حکومەتی عێراق.

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ، پۆلیسى خانەقین هەڵیکوتایە سەریان و چادرەکەى پێ لابردن، بەڵام مانگرتوان چۆڵیان نەکرد و لەشوێنى خۆیان لەبەر خۆرەتاو مانەوە.

راژان مەجید، نوێنەرى دەرچوانى کۆلێژەکە بە 964ـى وت،”دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ، چادرەکەمان هەڵدایەوە، بەڵام پۆلیس هاتووەتەوە و دەڵێت دەبێت لایببەن”.

وەک باسى دەکات، ژمارەیەکى زۆرى دەرچوان لەوێن و پۆلیسى داوا دەکات لانیکەم چادرەکە لەبەردەم دەرگاى کۆلێژەکە لاببەن، بەڵام دەرچوان سوورن لەسەر ئەوەى نایگوازنەوە تا وەڵامى داواکارییەکەیان دەدرێتەوە.

زانکۆى گەرمیان لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراقەوە دانى پێدانەنراوە، بۆیە گرفت بۆ ئەو دەرچوانە دروست بووە کە دانیشتووى خانەقینن و ئەو کۆلێژەیان تەواو کردووە کە سەر بە زانکۆى گەرمیانە، چونکە بەهۆیەوە بێبەش دەبن لە مافى دامەزراندن

خانەقین؛ بە زەبرى هێز چادرى دەرچوانى کۆلێژى خانەقینى ل...

خانەقین؛ بە زەبرى هێز چادرى دەرچوانى کۆلێژى خانەقینى لابرد