"جاران 20 مسقاڵ بوو، ئێستا ناگاتە 10"

گەرمیان؛ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ پرۆسەی هاوسەرگیری کەمکردووەتەوە

964+

میلاد جەلال_گەرمیان

نرخی زێڕ رۆژ لەدوای رۆژ گرانتر دەبێت و زێڕینگەرێکیش دەڵێت، ئەمە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری هەبووە، بەشێوەیەک کە پێشتر کڕینی زێڕ بۆ بووک لە 20 مسقاڵەوە دەستیپێدەکرد، بەڵام ئێستا ناگاتە 10 مسقاڵیش.

عەلی مەحمود، خاوەنی دوکانی زێڕینگەری لەناو بازاڕی کەلار، بە 964ی وت: “نرخی زێڕ زۆر بەرزە، خەڵک بە کەمی زێڕ دەکڕێت، ئەوانەش کە دەیکڕن زۆربەیان ئەو کەسانەن کە تازە هاوسەرگیری دەکەن و لە نێوان 6 بۆ 7 مسقاڵ زێڕ دەکڕن، ئەوپەڕی بگاتە 10 مسقاڵ”.

ئەو زێڕینگەرە ئاماژەی بەوەشکرد، جاران گەنجان کە هاوسەرگیریان دەکرد لە 20 مسقاڵەوە دەستیپێدەکرد و زیاتریشیان دەکڕی، بەڵام ئێستا ئەوپەڕى بگاتە 10 مسقاڵ.

بارودۆخی ئابووری و دواکەوتنی مووچە هۆکارێکی دیکەیە کە وایکردووە هاوڵاتییان پەنا بۆ فرۆشتنی زێڕەکانیان ببەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی رۆژانەیان.

عەلی مەحمود دەڵێت: خەڵکی ئێستا زێڕەکانیان دەفرۆشن بەهۆی نەبوونی و ئەو بارودۆخەی دواکەوتنی مووچە دروستیکردووە، ژن هەبووە بە گریانەوە هاتووەتە لامان و گوارەی گوێی منداڵەکەی فرۆشتووە و وتویەتی لەبەر نەبوونی ناچارە بیفرۆشێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی کوردستان زیاتر بەرزبووەوە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی کوردستان زیاتر بەرزبووەوە