تیمێک لەوێن
ماسیەکانى سەرچاوەى ئاوى تابین رزگار دەکرێن
964+
وریا فەتاح
قائیمقامى دوکان رایگەیاند، هەر ئەمڕۆ ژیانى ئەو پەنجە ماسیانە رزگار دەکرێت کە لەسەرچاوەى ئاوى تابین بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوەوە ژیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە.
ئێوارەى دوێنێ، راماڵ چاوەڕێ کە هاوڵاتى و چالاکوانێکى سنوورى دوکانە، لە فەیسبوکەکەى خۆیەوە پۆستێکى کرد و ڤیدیۆیەکى سەرچاوەى ئاوى تابینى بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوى سەرچاوەى تابین، مەترسى کەوتووەتە سەر ژمارەیەکى زۆرى ماسى و پەنجە ماسى، هەر ئەمڕۆ قائیمقامى دوکان و بەرێوەبەرى کشتوکاڵ و هۆبەى پەنجەماسى، سەردانى شوێنەکەیان کرد.
سیروان سەرحەد، قائیمقامى دوکان بە 964ـى وت،”سەرچاوەى ئاوى تابین، سەرچاوەیەکى گرنگى ئاوە بەتایبەت بۆ کشتوکاڵ کە لە دوو بەش پێکدێت، بەشێکى شیرینە و ئەوەى تر کبریتاوییە و کە بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوەوە بۆنى کردووە و ئۆکسجینەکەى کەمبووەتەوە و ماسییەکانى ئەو بەشە مەترسیان لەسەرە”.
وەک باسى دەکات، کارمەندانى هۆبەى پەنجەماسى بریاریانداوە، ماسییەکانى بەشى ئاوە بۆنکردووەکە بگوازنەوە بۆ سەرچاوەى ئاوە شیرینەکە، چونکە نزیکن لەیەکەوە ئاسانتر ئەنجام دەدرێت و ژیانیان رزگار دەکرێت.
سوپاسى ئەو هاوڵاتى و چالاکوانەشى کرد کە ئاگادارى کردووەنەوتەوە لەو حاڵەتە.