مەلایەكی دیكە تۆمەتبارە

لەسەر كوشتنی مەلاكەی بەغدا سودانی لیژنەی پێكهێنا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق محەمەد شیاع سودانی، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دەركرج لە بارەی گیانلەدەستدانی شێخ عەبدولستار قەرەغولی، كە ئیمام و وتارخوێنی مزگەوتێكی بەغدایە و دوێنێ هێرشی كرایەسەر و گیانی لەدەست دا.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ شەممە 13.9.2025 روونیانكردەوە، “بە رێنمایی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە، بە سەرۆکایەتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لەخۆدەگرێت، بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی گیانلەدەستدانی ئیمام و وتاربێژ شێخ عەبدولستار قەرەغولی”.

ئەوەشیان خستەڕوو، “لە رێنماییەکەدا جەخت لەسەر خێراکردنی ئاشکراکردنی راستییەکان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرجەم ئەو کەسانەی پەیوەندیدارن بە رووداوەكە، وەک ئامادەکارییەک بۆ رەوانەکردنیان بۆ دەسەڵاتی دادوەری بۆ دڵنیابوون لە سەپاندنی دادپەروەری و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە رووداوەکە”.

بە گوێرەی راگەیاندراوەكە، سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردووەتەوە کە “حکومەت درێغی ناکات لە لێپرسینەوە لە هەر لایەنێک کە کەمتەرخەمی سەلمێندرا یان تێوەگلابێت لە رووداوەکەدا”، جەختیشی کردەوە “رێکاری یاسایی پێویست دەگیرێتەبەر، بەپێی یاسا و رێسا کارپێکراوەکان، بەرامبەر هەر کەسێک کە کەمتەرخەمی سەلمێندرابێت”.

دوێنێ هەینی 12.9.2025 ئیمام و وتاربێژی مزگەوتی كەریم ئەلناسڕ لە ناوچەی دۆرەی بەغدا شێخ عەبدولستار قەرەغولی لە كاتی وتاری هەینیدا لەلایەن چەند كەسێكەوە هێرشی كرایەسەر و دواتر گیانی لەدەست دا.

ئەنجومەنی فیقهی عێراق هەواڵەكەیان راگەیاند و ئاشكرای دەكەن، ئەو ئیمام و وتاربێژە لەلایەن ئیمام و وتاربێژێكی دیكەوە، كە لەلایەن 30 کەسەوە پاڵپشتی كراوە، هێرشی کراوەتەسەر.

مەلایەک مەلایەكی دیكەی كوشت

مەلایەک مەلایەكی دیكەی كوشت