شارەوانی بۆ بازاڕی لەنگەی هەولێر
“بۆ پاراستنی خۆتان و موڵکەکانتان پابەندی رێنماییەکان بن “
964+
ژێوار خدر
بەدواداچوونەکانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی چوار لەسەر بازاڕی لەنگەی کۆن بەردەوامە، بەڵام وادیارە ژمارەیەک لە دوکاندارانی ئەو بازاڕە هێشتا پابەندی رێنماییەکان نین، شارەوانی هەولێریش دەڵێت، ئەم هەوڵانە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی دوکاندار و چینی کاسبکارە، بەڵام جێهێشتنی کەلوپەلەکان لە دەرەوەی دوکانەکان لە شەودا، مەترسی گەورە لەسەر دوکانەکانیان دروست کردووە.
شارەوانی هەولێر دەڵێت، پێویستە لە کاتی داخستنی دوکانەکان، تەواوی شتومەک و کەلوپەلەکان ببرێنە ژوورەوە، بۆ سەلامەتی دوکاندارەکان و دوورکەوتنەوەیە لە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، بەتایبەتی کە هەڵواسینی پەردە و قوماش لە دەرەوەی دوکانەکان دەتوانێت ببێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دروستبوون و تەشەنەکردنی ئاگر.
دەشڵێت، تیمی لادانی زێدەڕۆیی لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی چوار، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، شەوی رابردوو بەدواداچوونێکی چڕوپڕیان بۆ تەواوی بازاڕی لەنگە ئەنجامداوە و داوا لە دوکاندارانیش کراوە کە پابەندی رێنماییەکان بن بۆ پاراستنی خۆیان و موڵکەکانیان.