وەک کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان کۆدەبێتەوە
بەرهەم ساڵح گەیشتە ئەڵمانیا
ژێوار خدر
د. بەرهەم ساڵح، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ گەیشتە وڵاتی ئەڵمانیا، بڕیارە وەک یەکێک لە میوانە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە بەشداری بکات و لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا، زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماسی لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی جیاواز ئەنجام بدات.
ئەم سەردانەی وەک یەکەمین دەرکەوتنی فەرمییەتی لەو پۆستە نوێیەیدا لە کۆنفرانسێکی ئەمنی ئەوەندە گەورەدا، کە تێیدا باسی دۆخی مرۆیی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکرێت.
لە لایەکی تریشەوە، ئەگەرێکی بەهێز هەیە بەرهەم ساڵح لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە کۆببێتەوە، ئەم دانیشتنانە رەنگە رەهەندێکی نەتەوەیی وەربگرن و تێیدا باس لە لێکنزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکانی رۆژئاوای کوردستان بکرێت.