یه‌كێتى مامۆستایان: په‌روه‌رده‌ى عێراق هه‌رێمی فه‌رامۆش كردووه
عێراق بڕیاری دروستكردنی 500 قوتابخانەی نوێی راگەیاند به‌ڵام هه‌رێم لێی بێبەشە
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عێراق، بڕیاری دروستكردنى 500 قوتابخانه‌ى بۆ سه‌رجه‌م پارێزگاكان راگه‌یاند، به‌ڵام هه‌رێم لێی بێ ئومێده، چونكه سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان ده‌ڵێت “له‌گه‌ڵ سودانیش قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كردووه، به‌ڵام وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده فه‌رامۆشی ده‌كات”.
بڕیارى دروستكردنى قوتابخانه‌كان له‌سه‌ر زارى کەریم سەید، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی پەرەوەردی عێراق له رۆژنامەی “الصباح”ـی فەرمی بڵاوكرایه‌وه، كه بۆ ئه‌مساڵ 500 قوتابخانەی نوێ كه به‌شێكیان له‌دروستكردندان و به‌شێكیشیان ده‌كرێنه‌وه.
وته‌بێژ ده‌ڵێت، ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی ستراتیژی وەزارەتی پەروەردە دایە بۆ زیادکردنی بینای قوتابخانەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی پەروەردە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیكەی عێراق.
لایخۆشییه‌وه ئه‌حمه‌د سابیر گه‌رمیانى، سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان به 964ـى وت بێئومێدین له وه‌رگرتنى پشكى قوتابخانه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان، چونكه وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق ئه‌م كاره ناكات.
وتیشی “له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقیش باسی ئه‌م پرسه‌مان كردووه، كه پێویسته هه‌رێمى كوردستان به‌پێی ئه‌و رێژه‌یه‌ى له میزانیه‌ى عێراق به‌ریده‌كه‌وێت، پشكى له قوتابخانه‌كان بۆ هه‌رێم هه‌بێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر به پاره‌ى حاكمیه ئه‌و قوتابخانانه دروستبكرێت”.
روونیشكرده‌وه، پێویسته وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێم به نووسراوى فه‌رمى داواى ئه‌م پشكه‌ى بۆ قوتابخانه‌كان بكات.
هه‌رچه‌نده سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان باس له‌وه‌ده‌كات كه له‌هه‌رێمى كوردستان هیچ قوتابخانه‌یه‌ك سێ ده‌وامى تێدا ناكرێت، به‌ڵام هێشتا قوتابخانه‌ى دوو ده‌وامى ماون، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان پێوستى به بیناى نوێ بۆ قوتابخانه هه‌یه.
ئێستا هیچ ئامارێكی نوێ بۆ ژماره‌ى قوتابخانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى په‌روره‌ده‌وه بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌پێیى ئه‌و ئاماره‌ى كه پێشتر فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیاری سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بڵاویكردووه‌ته‌وه ئاماژه به بوون و زیادبوونى قوتابخانه‌كان كردووه.
لە ساڵی 1991، هه‌زار و 320 قوتابخانە و پەیمانگە هەبووە بەڵام تاوه‌كو ساڵى 2023 ژماره‌یان به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ شه‌ش هه‌زار و 758 قوتابخانە و پەیمانگە.