
قەزای خەبات.فۆتۆ: سۆشیال میدیا.
لە خەبات کەس دەستگیر نەکراوە
964+
سەعید محەمەد-هەولێر
دوای بوومەلەرزەکەی درەنگانی شەوی رابردوو، لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر، هاوڵاتیان تەقەیان بە ئاسمان کردووە بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک، قایمقام دەڵێت، هیچ کەسێکیان دەستگیر نەکردووە.
کاتژمێر 2:20 شەوی رابردوو، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.3 لە پارێزگاکانی هەولێر و موسڵ روویدا، بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم بێت، چەقی بوومەلەرزەکە سنووری نێوان هەولێر و موسڵ بووە.
کوێستان ئەحمەد قایمقامی قەزای خەبات بە تۆڕی 964ی وت “دوای بوومەلەرزەکە تەقەیەکی زۆری ئاگادارکردنەوە کرا، دەستبەجێ پۆلیس و ئاسایش لە ناو قەزاکەدا کۆنتڕۆڵی دۆخەکەیان کرد، هیچ کەسێک بەو هۆیەوە دەستگیر نەکراوە”.
کوێستان ئەوەش دەڵێت، بەهۆی تەقەی ئاگادارکردنەوەی شەوی رابردووەوە، هیچ کەسێک بریندار نەبووە.
قەزای خەبات دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر بە دووری 35 کیلۆمەتر
وەک نەریتێک لە بەشێکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ روودانی رووداوە سرووشتییەکانی وەک بوومەلەرزە، ئاگرکەوتنەوە و لافاو خەڵک تەقەی ئاسمانی دەکات بۆ ئەوەی خەڵک لە بارەی ئەو رووداوە ئاگادارییان هەبێت.