ئاراستەى سلێمانى دیارنییە
لە کۆیە سێ ساڵە درەخت هێمایەکى هاتوچۆى شاردووەتەوە
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
ماوەی سێ ساڵە، هێمایەکی سەرەکی هاتوچۆ کە ئاڕاستەی شاری سلێمانی بۆ ئەو شۆفێرانە دیاری دەکات کە لە دەرەوەی شارەکەن، بەهۆی چاندنی دار لەبەردەمیدا لەلایەن شارەوانییەوە، لەبەرچاو شۆفێران ون بووە. بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کۆیەش دەڵێت، بابەتەکە زۆر گرنگ نییە، بەڵام چارەسەری دەکەن.
هێماکە دەکەوێتە سەر شەقامی هەیبەت سۆڵتان، لە نزیک مزگەوتی مەلای گەورە و ئاڕاستەی سلێمانی لە رێگەی دەشتی کۆیەوە پیشانی شۆفێران دەدات، بەڵام بەهۆی گەشەکردنی ئەو دارانەی شارەوانی لەبەردەمی چاندوویەتی، ئێستا بینینی هێماکە ئەستەم بووە.
سەنگەر سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری هاتوچۆی کۆیە، بە 964ـی راگەیاند، “ئەوە تەنها هێمایەکە کە دامانناوە تا ئاڕاستەی سلێمانی دەستنیشان بکەین بۆ ئەو شۆفێرانەی شارەزا نین، بەڵام شارەوانی کۆیە داری لەبەردەم هێماکە چاندووە و ناچارین شوێنەکەی بگوازینەوە.”
ئاماژەی بەوەشکرد کە ئاگاداری بەدواداچوونەکانی 964ـن لەسەر ئەم بابەتە و وتی، “ئەمڕۆ تیمێکی ئەندازیاریم راسپاردووە سەردانی شوێنەکە بکەن و شوێنێکی گونجاو دیاری بکەن تا هێماکە بۆ ئەوێ بگوازینەوە.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح