زانکۆی کۆیە وێنە : 964
تەنیا خواردن و خواردنەوە رێپێدراو نیە
زانکۆی کۆیە لەرێگەی چەند کۆشکێکەوە هەلی کار بۆ خوێندکارەکانی دەڕەخسێنێ
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
زانکۆی کۆیە پڕۆژەی “یەکەم کاری من”ی بۆ خوێندکارانی راگەیاند، کە پڕۆژەیەکە چەندین کۆشک لەناو کەمپی زانکۆ بۆ خوێندکاران دابین دەکات، بۆ ئەوەی بتوانن بیرۆکەی کارەکانیان جێبەجێ بکەن و قازانج بەدەست بهێنن.
محەمەد سەید گوڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، ژمارەی کۆشکەکان بۆ ئەمساڵی خوێندن لە 5 کەمتر نابن و لە 10 زیاتر نابن، هەروەها خوێندکاران دەتوانن تا 25ی ئەم مانگە بیرۆکەی کارەکانیان پێشکەش بکەن، بە مەرجێک ئەو شتانەی دەیانفرۆشن خواردن و خواردنەوە نەبن و خۆیان سەرپەرشتی کۆشکەکە بکەن.
وتیشی، تا پێنج خوێندکار دەتوانن بەیەکەوە کۆشکێک بەڕێوەببەن، زانکۆش چاودێری خوێندکاران دەکات بۆ ئەوەی پڕۆژەکە نەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی خوێندنیان و ئامانجی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە خوێندکاران لە قۆناغی خوێندندا فێری کار و پیشەی تایبەت بە خۆیان ببن و توانای کارکردنیان پەرەپێ بدرێت بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەت لە زانکۆ بیرۆکەکان هەڵدەسەنگێنێت و راهێنانی پێویست بە خوێندکارە پەسەندکراوەکان دەدات.
“هەموو ساڵێکی نوێی خوێندن، بیرۆکەی نوێ لە خوێندکاران وەردەگیرێت و دەرفەتی کارکردن بۆ ژمارەیەکی زیاتر لە خوێندکاران دەڕەخسێنرێت.” محەمەد سەید گوڵ وای وت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر