تەندروستیی جیهانی:

چیتر نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون مەترسیدار نییە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، ئیتر پەتای ئاوڵەی مەیموون چیتر پێویستی بە باری نائاسایی نییە و كەمبووەتەوە.

گیبریسوس رۆژی هەینی وتی، “زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون لە ئەفریقا، بە پشتبەستن بە راسپاردەی لیژنەیەکی فریاگوزاری کە بەپێی پەیڕەوی تەندروستی نێودەوڵەتیی کۆبووەوە، باری فریاگوزاری تەندروستی گشتیی نێودەوڵەتیمان راگەیاند (PHEIC).

وتیشی، بەڵام ئێستا لیژنەکە کۆبووەوەتەوە و ئاگاداریان کردمەوە، بە بۆچوونی خۆیان دۆخەکە چیتر لە ئاستی نیگەرانی و باری نائاساییدا نییە، منیش ئەو پێشنیارەم قبوڵ کردووە”.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بڕیارە دوای کەمبوونەوەی بەردەوامی تووشبوان و مردن دێت لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و وڵاتانی تری توشبوو، لەوانە بۆروندی، سیرالیۆن و ئۆگەندا.

“ئێستا شارەزایان تێگەیشتنێکی باشتریان لە رێگاکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە و هۆکارەکانی مەترسی هەیە”،  ئەمە بەپێی راگەیاندراوی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی.

بەڵام تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوەكە دەڵێت، “هەڵگرتنی باری فریاگوزاری بەو مانایە نییە هەڕەشەی ئاوڵەی مەیمون کۆتایی هاتووە”.

لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیمونی بە حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستیی گشتی ناساند، کە جێگەی نیگەرانی نێودەوڵەتی بوو.

تا 23ی شوباتی ئەمساڵ، هەزار و 905 حاڵەت و 283 حاڵەتی مردن لە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان تۆمار كرا.

ئاوڵەی مەیمون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی دەگمەنە و دەتوانێت مەترسیدار بێت بۆ ئەو کەسانەی کە سیستمی بەرگریی لەشیان لاوازە، ڤایرۆسەكە دەبێتە هۆی تا و سکچوون و ئاوسانی گرێ لیمفاوییەکان و دەركەوتنی پەڵە لەسەر پێست، كە دواتر دەبێتە برین، كە شوێنەواری بەجێدەهێڵێت، بەزۆری نەخۆشییەکە لە ماوەی 14 بۆ 21 رۆژدا كۆتایی دێت و جەستە پاك دەبێتەوە.

تەندروستیی عێراق: هیچ تووشبوویەكی ئاوڵەی مەیمون تۆمار ...

تەندروستیی عێراق: هیچ تووشبوویەكی ئاوڵەی مەیمون تۆمار نەكراوە