ۆركشۆپێك لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە لە هەولێر
هیچ كێشەیەك لە بەردەم دەنگدەراندا نەماوە
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان مانگی داهاتوو تاقیكردنەوەیەكی دیکە لە هەرێم دەکات
964+
محەمەد فاتیح
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، سێ تاقیکردنەوەی ئەزموونی بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، لە مانگی داهاتوو تاقیكردنەوەیەکی دیكەش ئەنجام دەدەن.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ 964 باسی لەوەكرد، كۆمیسیۆن سێ تاقیكردنەوەی ئەزموونی لەسەر ئامێرەكانی كردووە لە هەرێمی كوردستان، بۆ دڵنیابوون لە كاركردنیان بەبێ كێشە بۆ رۆژی دەنگدان.
ئاشكراشی كرد، لە مانگی 10ی داهاتوو، تاقیكردنەوەی چوارەمی ئەزموونی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئامێرەكانی ناردن ئەنجام دەدرێت و لەو سێ تاقیكردنەوەیەدا دەركەوت، كە دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان دەتوانن بەبێ هیچ كێشەیەك دەنگی خۆیان بدەن.
دەشڵێت “بە گوێرەی تاقیكردنەوەكان، هەرچ كەسێك پەنجەمۆری نەخوێندرایەوە، ئامێرەكە لە رێگای سكانكردنی وێنەكەیەوە، دەنگەكەی بۆ هەژمار دەكات”.
بەپێی قسەی جومانە غەلای، پڕۆسەی تاقیكردنەوەى ئەزموونی، دەنگدانێكی راستەقینەی بچوككراوەیە، بە مەبەستی تاقیكردنەوەی ئامێرەكانی دەنگدان و دەرئەنجامەكان زۆر باشن و هیچ كێشەیەكیان نەماوە لەبەردەم دەنگداندا، پڕۆگرامەكانیشیان لەلایەن هێزە ئەمنییە باڵاكانەوە پارێزراون.