ماڵەکەی شێخ مەحمود و مێجەرسۆن لە سلێمانی

 لە بنکەی بڕیارە مێژووییەکانەوە بۆ مۆزەخانەیەکی نیشتمانی

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ئەو خانووەی لە سەردەمی شێخ مەحمودی حەفیددا گرنگترین بڕیارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لێوە دەردەکرا، ئێستا لە سلێمانی خەریکە دەکرێت بە مۆزەخانەیەکی نیشتمانی.

“ماڵەکەی مێجەرسۆن” کە تەمەنی زیاتر لە 130 ساڵە و بە شێوازی بیناسازی کۆنی ئینگلیزی دروستکراوە، جگە لە پیشاندانی بەڵگەنامە و کەلوپەلی مێژوویی، سینەما ڤیژنێکیشی تێدا دەبێت بۆ نمایشکردنی فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی شێخ مەحمود.

كامەران سوبحان رێكخەری مۆزەخانە لە رێكخراوی CDO بە 964ی وت: کارەکانی گۆڕینی ماڵی مێجەرسۆن بۆ مۆزەخانە بە خێرایی بەڕێوەدەچێت، بەشێکی زۆری کارەکانی بیناسازییەکەی تەواو بووە و ئێستا تیمەکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگەنامە مێژووییەکان و دانانی کەلوپەلەکانن.

وتیشی، ئەم خانووە کە تەمەنی سەروو 130 ساڵە و لەسەر شێوازی تەلارسازیی کۆنی ئینگلیزی دروستکراوە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە لە سەردەمی شێخ مەحمودی حەفیددا وەک ناوەندێکی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی و سەربازی ناسرابوو.

مۆزەخانەکە چەندین بەڵگەنامەی گرنگی سەردەمی شێخ مەحمود لە خۆدەگرێت و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی بەڵگەنامەی زیاتر لە وڵاتانی بەریتانیا، تورکیا، ئێران، هیندستان و عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، جگە لە بەڵگەنامەکان، بەشێک لە کەلوپەلە رەسەنەکانی ناو ماڵەکە کە هی هەمان سەردەمن، تا ئێستا پارێزراون و لەناو مۆزەخانەکەدا نمایش دەکرێن.

كامەران سوبحان دەڵێت، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم مۆزەخانەیە، بوونی سینەما ڤیژنێکە کە تەرخان دەکرێت بۆ پیشاندانی ئەو بەڵگە فیلمانەی لەسەر ژیان و خەباتی شێخ مەحمود دروست کراون، ئەمەش دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ سەردانیکەران کە بە شێوەیەکی زیندووتر لە مێژوو تێبگەن.

بڕیارە لە 16.11.2025، ئەم مۆزەخانەیە بە فەرمی بکرێتەوە و وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی مێژوویی و کولتووری خزمەت بە نەوەکانی ئێستا و داهاتوو بکات.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

ئامادەکاری بۆ کردنەوەی مۆزەخانەی شێخ مەحمود دەکرێت

ئامادەکاری بۆ کردنەوەی مۆزەخانەی شێخ مەحمود دەکرێت