گەرمییەکەی 50 پلەیە
لە گوندێکی دهۆک ئاوی کبریت شیفای بە زۆر کەس بەخشیوە
+964
هیڤی دێوالی – دهۆک
خاوەن باخێک لە گوندێکی دهۆک لە کاتی لێدانی بیری ئاو بۆ باخەکەی، دەردەکەوێت ئاوەکەی کبریتە و پلەی گەرمیشی 50 پلەی سیلیزییە، ئەویش ئەمە بە فرسەت دەزانێ و مەلەوانگە و حەوز بۆ ئاوەکە دروست دەکات، تا خەڵک بۆ چارەسەری نەخۆشی بەکاریبهێنن.
گوندەکە، ناوی بۆتیا-یە دەکەوێتە ناحیە زاوێتە لە سنووری پارێزگای دهۆک و 14 کیلۆمەتر لە سەنتەری شار دوورە.
دەڤەری دۆسکیان، لە سنووری ناحیەی زاوێتە جگە لە میوە، بە ئاوی گەرم و کبریتیش بەناوبانگە، لەوێ “ئاوی کبریتی سارد، ئاوی کبریتی گەرم و ئاوی کبریتی بۆن ناخۆش” هەیە و لەکۆندا دانیشتووانی ئەو ناوچانە بۆ چارەسەری بەکاریان هێناوە.
بەڵام چەندین ساڵە ئاوی کانیەکان زۆر کەم بووەتەوە و بەشێکیان وشکیان کردووە، عسمەت عەبدولڕەحمان، خاوەنی پرۆژەی گەرماوی بۆتیا بە 964ـی وت، پێویستمان بەبیرێکی ئاوی خواردنەوە هەبوو بۆ باخەکەم، بەڵام کاتێک بیرەکەمان لێدا، ئاوی کبریت دەرکەوت و پشکنینمان بۆ ئاوەکەیان کرد دەرکەوتووە، ئاوی کبیرتیە و پلەی گەرمای 50 پلەی سیلیزییە و لەوەرزی زستان دا زیاتر هەست بە گەرمای ئاوەکە دەکرێ.
عسمەت دەڵێ، بیرم لەوە کردەوە پرۆژەیەک بەوشێوازە دابنێم بۆ ئەوەی هاوڵاتییان سوود لەم ئاوە کبریتە وەربگرن و لە جیاتی چارەسەری نەخۆشیەکانی”پێست و ئەکزیما و حەساسیەت و کێشەی ئیسک و پشت و قاچەکان” سەردانی دەرەوەی وەڵات بکەن، لێرە نزیکترە و ئاوەکە سوودی بۆ چارەسەرکردنیان هەیە.
نزیکەی مانگێکە پرۆژەکەی کردووتەوە، پێکدیت لە سێ ژووری VIP کە هەر حەوزێکی ژوورەکە درێژی 90 سانتیمەترە و پانی دوو مەترە، و مەلەوانگەیەکی گەورەشی تێدایە و جێگای 40 کەس دەبێتەوە، بۆ دڵنیای پاکوخاوێنی ئاوەکەش، کاتێک هاوڵاتیان سەردانی دەکەن، حەوزەکەیان بە ئاوی کبریت لەبەر چاویان پڕ دەکرێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا