"فەرق و جیاوازیمان نییە"

مەسیحییە و 15 ساڵە بۆ یادی مەولود شیرینی دەبەخشێتەوە

دەریا ئەحمەد – کۆیە

پێکەوەژیان لە کورستان لە هەموو بۆنە و جەژنەکاندا رەنگ دەداتەوە و ئەواتە لە کۆیە هاوڵاتییەکی مەسیحی بە دەستیكی چکلێت و بە دەستەکەی دیکەشی تا ئێوارە شیرینی دەبەخشێتەوە بۆ یادی مولود.

سامان ئیسحاق دوکاندارە لەناو بازاڕی کۆیە، وەک خۆی دەڵێت، 15 ساڵە لە رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، شیرینی و لوقم دەبەخشێتەوە و تەنیا ئامانجیشی تۆخکردنەوەی ئەو پێکەوژیانەیە کە لە کۆنەوە لە نێوان موسوڵمان و مەسیحییەکانی کوردستان هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ فەرق و جیاوازییەک بەدی ناکرێ لە نێوان هاوڵاتیانی موسوڵمان و مەسیحی کۆیە و لە خۆشی و ناخۆشیدا بەدەم یەکەوەن.

لە قەزای کۆیە گوندی هەرمۆتەی مەسیحینشین هەیە کە بەدرێژایی مێژوو، پشت و پشتیوانی دانیشتووانی ئەو شارە بوون و  هەرگیز ئایین نەبۆتەهۆی ناکۆکی نێوانیان و بە پێچەوانەوە برایەتیەی و پێکەوەژیانیان پتەوتر بووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری