"چارەسەرکردنی شێرپەنجە لە کوردستان یەکدەخرێن"
نەخۆشانی شێرپەنجە بە بەهای 45 ملیار دینار دەرمانیان دراوەتێ
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
نەخۆشانی شێرپەنجە لە ساڵی 2022دا بە بەهای 45 ملیار دینار دەرمانیان دراوەتێ. ئەوە ئاماری نەخۆشخانەی هیوایە لە سلێمانی بۆ نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.
ئەمڕۆ هەینی 24.2.2023 دووەم رۆژی کۆنفرانسی پزیشکان و سەنتەرەکانی چارەسەری شێرپەنجەیە لە شاری سلێمانی، کە بۆ رێکخستنەوەی چارەسەرەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان رێکخراوە.
د.یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە شێرپەنجە لە شاری سلێمانی لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند: ساڵی 2022 بە بەهای 45 ملیار دینار دەرمان بە نەخۆشانی شێرپەنجە دراوە، جگە لە پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی.
ئامارەکانی نەخۆشییەکە لە هەرێمی کوردستان روو لەهەڵکشانن و ساڵی 2022 زیاتر لە 9 هەزار کەیسی شێرپەنجە تۆمار کراون.
د.یاد نەقشبەندی دەشڵێت. ئێستا هەموو پێداویستی و دەرمانێک بەردەستە و هەوڵ هەیە بڕی دەرمان زیاتر بکرێت و چارەسەرەکان لە تەواوی سەنتەرەکانی کوردستان یەکبخرێن و یەک شێواز بن.