پرۆژەی ئاوی فایدە
ئاوی بەنداوی موسڵ زۆر دابەزیوە
وشکەساڵی مەترسی لەسەر پرۆژەی ئاوی ناحیەی فایدە دروست کردووە
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
بەهۆی نزمبوونەوەی ئاستی بەنداوی موسڵەوە، مەترسی وشکەساڵی لەسەر پرۆژەی ئاوی ناحیەی فایدە دروست بووە، بەڕێوەبەری پڕۆژەکەش دەڵێت، ئەگەر حەوت مەتری دیکە ئاستی ئاو دابەزێت، پرۆژەکە بە تەواوی دەوەستێت و چیتر ناتوانن ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دابین دابەش بکەن.
بەپێی ئامار و داتای پرۆژەی ئاوی فایدیە، بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.9.3، ئاستی گلدانەوەی ئاو گەیشتووەتە 291.02 مەتر، بە خەزنێکی گشتی 1.6654 ملیار مەتر سێجا و قەبارەی ئاوی هاتووە بۆ بەنداوەکە 314 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بووە، لە کاتێکدا تێکڕای قەبارەی ئاوی بەردراو 325 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بووە.
عەبدولئەحەد سندی، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئاوی ناحیەی فایدە بە 964ـی وت، مەترسی وشکبوونەوەی ئاوی خواردنەوە لەسەر پرۆژەکەمان هەیە، تا ئێستا 43 مەتر ئاستی ئاو دابەزیوە، رۆژانەش 10 سانتیمەتر لە پرۆژەی ئاوەکە کەمدەبێتەوە.
وتیشی، پێشتر بە غەتاسەکان ئاومان رادەکێشا، بەڵام بەهۆی نزمبوونەوەی ئاستی بەنداوەکە پردەکەمان 100 مەتر بردووەتە پێش و دوو ماتوڕی ئاوی گەورەمان هێناوە بۆ راکێشانی ئاوەکە.
گەورەترین پرۆژەی ماسی لە پارێزگای دهوک دروست دەکرێت
باسی لەوەش کرد، ئەگەر حەوت مەتری دیکە ئاو دابەزێت و ئاستی ئاو نزمتر ببێتەوە، پرۆژەی ئاوی ناحیەی فایدە دەوەستێت و لەو کاتەداش ناتوانین ئاو بە دانیشتوانی ناحیەی فایدە و کۆمەڵگەی دۆمیز و کەمپەکانی پەنابەران بگەیەنن.
پرۆژەی ئاوی فایدە دەکەوێتە ناحیەی فایدە لە سنووری قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک.
داتایەکان پرۆژەی ئاوی فایدە.
ساڵی ئاوی 2025
دۆخی ئاوی پڕۆژەی بەنداوی موسڵ بۆ ڕۆژی چوارشەممە 2025/9/3
ئاستی گلدانەوە = 291.02 مەتر
کۆی گلدانەوەی ئاو = 1.6654 ملیار مەتر سێجا
قەبارەی ئاوی هاتوو = 314 مەتر سێجا/چرکە
تێکڕای قەبارەی ئاوی بەردراو = 325 مەتر سێجا/چرکە
تێکڕای قەبارەی ئاوی هاتوو بۆ مانگی ئەیلول لە دە ساڵی ڕابردوودا = 258 مەتر سێجا/چرکە
قەبارەی ئاوی هاتوو بۆ ساڵی ڕابردوو = 395 مەتر سێجا/چرکە
بارانبارینی ئەمڕۆ = 0 ملم
کۆی بارانبارینی ئەمساڵ = 118 ملم
تولیدی وێستگەی بەنداوی سەرەکی = 0 مێگاوات/کاتژمێر
تولیدی وێستگەی بەنداوی ڕێکخەر = 24 مێگاوات/کاتژمێر
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا