"بکەرانی ئەو کارە بدۆزنەوە"

 مافی مرۆڤ لەسەر تەقەکەردن لە هێمن مامەند هاتە دەنگ 

964+

توانا نەقی

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەسەر بریندارکردنی هێمن مامەند لە سلێمانی هاتە دەنگ و دەلڵێت نیگەرانن لەو رووداوە و ئەو کارە بە سنووردارکردنی دەنگی ئازاد دەزانن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، “نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن بۆ ئەو کردەوە نامرۆڤانەی بەرامبەر رۆژنامەنوس هێمن مامەند ئەنجامدراوە.

دەستەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لایانوایە ئەو کارە هەوڵێکە بۆ سنووردارکردنی دەنگی ئازادی و کاری رۆژنامەوانی لەشاری سلێمانی.

پێویستە دەزگا ئەمنیەکان و ئیدارەی پارێزگای سلێمانی هەرچی زووە بکەرانی ئەو کارە بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن و رادەستی یاسا بکرێن، دەستەی مافی مرۆڤ وادەڵێت.

دەشڵێت، لەنزیکەوە وەک دەستە چاودێری ئەو کەیسە دەکەن و هەر دوای رووداوەکەش تیمێکی نوسینگەی سلێمانی دەستە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە چاویان بە ناوبراو کەوتوە لەهەواڵیان پرسیوە لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی دایە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکان دەبین.

دوێنێ شەو لە گەرەکی عەقاری سلێمانی لەلایەن ماتۆڕسوارێکەوە تەقە لە رۆژنامەنوس هێمن مامەند کراو بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە، تاەکو ئێستاش لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کەسی تەقەکەر دەستگیر نەکراوە.