ئەمریكا: نەوتی ئێران و عێراق تێكەڵ دەكرێت

سۆمۆ: “بەقاچاخبردن یان تێكەڵكردنی نەوت لە ئارادا نییە”

ئەرسەلان عەبدوڵا

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕەتیکردەوە هیچ تێکەڵکردنێک یان بەقاچاغەکردنی نەوتی خاو یان بەرهەمە نەوتییەکان لە بەندەرەکانی عێراق یان لەناو ئاوە هەرێمییەكاندا بکرێت، جەختیش دەكەنەوە کارەکانی هەناردەکردن کەوتووەتە ژێر چاودێریی توند و سیستمێکی ورد لە ساتەوەختی بارکردنەوە تا گەیشتن بە شوێنی هاوردەکردن، ئەمەش لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ بازرگانێكی نەوتی عێراق لە لایەن ئەمریكاوە سزادرا.

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە، سۆمەر عەلی نزار، ئەمڕۆ سێشەممە 2.9.2025 بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، “هیچ تێکەڵکردنێک یان بەقاچاخبردنی نەوتی خاو یان بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق نییە، چ لە بەندەرەکان بێت یان لەناو ئاوە هەرێمییەكان، چونكە هەموو بارهەڵگرە نەوتهەڵگرەکان لە کاتی بارکردنیان تا دەگەنە پاڵاوگەکان یان کۆمپانیا هاوردەکارەکان، چاودێریی وردیان لەسەرە”.

وتیشی، “کۆمپانیاکە پشت بە بەرنامەی پێشکەوتووی بەدواداچوون دەبەستێت، لەناویاندا پرۆگرامی کەپلەری ئەمریکی، کە زانیاری دروست لەسەر جوڵەی هەر تانکەرێک دەدات و هەر وەستانێکی ناڕەوا دەستبەجێ دەستنیشان دەکرێت”.

“فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بەپێی نرخە جیهانییەکان لەسەر بنەمای بڵاوکراوە دانپێدانراوەکان ئەنجامدەدرێت، هەروەها لە رێگەی زیادکردنەوە ئەنجامدەدرێت کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان تێیدا بەشدارن، هەموو بڕەکان بە وردی تۆماردەکرێن و دەزانرێن، هەروەها مامەڵەی فرۆشتن و پارەدان لە رێگەی میکانیزمی بانکی جیهانیی روون و شەفافەوە ئەنجامدەدرێت کە ناتوانرێت دەستکاری بکرێت”، بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ وادەڵێت.

سۆمەر عەلی روونی کردەوە، “دەرکەوتنی هەندێک بارهەڵگری نەناسراو لە بەرنامەکانی چاودێرییدا مەرج نییە بەو مانایە بێت، کە سەرقاڵی قاچاخچێتی بن، بەڵکو رەنگە پەیوەندییان بە وەزارەتەکانی دیکەوە هەبێت، وەک پیشەسازی یان بەرگری، هەروەها گواستنەوەی ماددەی کیمیایی یان بەرهەمی وەک قیری ئۆکسجین، کە ناچنە چوارچێوەی دەسەڵاتی سۆمۆ”.

ئەم قسانەی بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ لە كاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ نووسینگەی چاودێریی سەروەتی بیانی (OFAC) سزای نوێی بەسەر تۆڕێكی كۆمپانیا و كەشتییەكانی گواستنەوەی نەوت سەپاند، كە بازرگانێكی عێراقی بەناوی وەلید خالید حەمید خاوەنداریەتیی دەكات، ئەمەش بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی نەوتی ئێران و تێكەڵكردنی بە نەوتی عێراق و فرۆشتنەوەی.

هاوكات وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا لە راگەیاندراوێكدا دەڵێن، وەلید خالید و تۆڕەكەی نەوتی ئێران تێكەڵ بە نەوتی عێراق دەكە و بە بەرنامە و بە ناوی نەوتی عێراق دەیفرۆشنەوە و ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار داهات بۆ ئێران پەیدا دەكەن.