دیمەنێک لە خورما کە لەبازاڕ دەفرۆشرێ - وێنە: 964
بڕیاری کشتوکاڵی عێراقە
بۆ سێ مانگ هاوردەی خورما قەدەغە دەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
کشتوکاڵی عێراق بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی خورمای بۆ ماوەی سێ مانگ پەسەندکرد و دەروازەکان ناتوانن رێگەپێدانی بۆ بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 2.9.2025، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری پێشنیازێکی پەسەند کردووە بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی خورمای پاکەتکراو بۆ ماوەی سێ مانگ
بڕیارەکە لە رۆژی 10.9.2025 بۆ 10.12.2025 بەردەوام دەبێ.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەداوە، بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە بڕێکی زۆر و پێویست لە خورما لە بازاڕەکاندا بەردەستە بڕیارەکە دراوە، کە ئامانج بەهێزکردنی ئابووری نیشتمانی و پاراستنی مافی جووتیارانە.
بۆ پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی، کە بەمەش داهاتی جووتیاران و رێژەی فرۆشتنی ناوخۆیی بەرز دەبێتەوە، ئەوەش بە گوێرەی هەمان بڵاوکراوە.
عێراق لە پلەی چوارەمی وڵاتانی جیهاندایە بۆ هەناردەکردنی خورما، ساڵی 2023 نزیکەی 735 هەزار تۆن خورمای هەناردەی دەرەوە کردووە بەڵام لەساڵی 2024 بڕەکەی کەمبووەتەوە بۆ 700 هەزار تۆن.