تیمەکان لە کاتی هەڵواسینی پۆستەرێک لەناو بازاڕی هەولێر بۆ یادی مەولود وێنە: بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی
ناو بازاڕ دەڕازێنرێتەوە
هەولێر خۆی بۆ جەژنی مەولود ئامادە دەکات
964+
ژێوار خدر
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە ئێستاوە دەستیان بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ رێوڕەسمی تایبەت بە یادی لەدایکبوون و مەولودی پێغەمبەری ئیسلام و بڕیارە لە ناو بازاڕی سەنتەری شاری هەولێر یادەکە بەڕێوەبچێت.
بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر رایگەیاند، ئامادەکارییەکان چەندین لایەنی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار و خاوێن بۆ ئەو ژمارە زۆرەی هاوڵاتیان و میوانانەی کە چاوەڕوان دەکرێت بەشداری لە رێوڕەسمەدا بکەن.
دەشڵێت، تیمەکان کار لەسەر پاککردنەوەی شەقام و کۆڵانەکان، رێکخستنی شوێنی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە و دڵنیابوون لە ئامادەیی تەواوی خزمەتگوزارییە پێویستییەکان دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە یادی مەولودی پێغەمبەر ساڵانە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شارەکانی کوردستان و بەتایبەتیش لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت و وەکو نەریتێکی شارەکە خەڵکێکی زۆر لەم رۆژەدا خواردن و شیرینی دەبەخشنەوە و دەیکەن بەخێر و تەنانەت لەو رۆژەدا بەشێک لە شۆفێرانی تاکسی بێ بەرامبەر هاتوچۆ بە هاوڵاتییان دەکەن و وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن، بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی رێوڕەسمی ئەمساڵ بە باشترین شێوە و بە بێ کێشە بەڕێوەبچێت و سیمایەکی جوان بە سەنتەری شار ببەخشرێت.