مەفرەقى گۆمەسپان
بەخێرایى کارى تێدا دەکرێت
قیرکردن دەستیپێکرد؛ مەفرەقى گۆمەسپانیش نامێنێت
964+
وریا فەتاح
کارکردن لە پڕۆژەى دووسایدی (کەسنەزان – گۆمپەسپان)،( گۆمەسپان – سماقووڵی) بە چڕی بەردەوامە، مەفرەقى گۆمەسپانیش نامێنێت.
پارێزگاى هەولێر بڵاوى کردەوە، لە چوارچێوەى کارکردن لە پرۆژەی دووسایدی (گۆمپەسپان – سماقولى) کە لەلایەن کۆمپانیاى هێمن گروپ جێبەجێ دەکرێت و پڕۆژەیەکى ستراتیژى و گرنگى سنوورى پارێزگاى هەولێره، هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەکە مەفرەقی ( گۆمەسپان ) نامێنێ و دەبێتە یەكتربڕێكی پێشكەوتوو.
ئاشکراشى کردووە، ڕاوەستان و پێچ و گەڕانەوەی تێدا نابێت و شۆفێر بەبێ وەستان دەتوانێ بە هەموو لایەكاندا بڕوات، لە كاتێكدا پێشتر لەو شوێنەدا جەنجاڵییەكی زۆری هاتوچۆ دروست دەبوو.
لەبارەى کارکردن لە پڕۆژەى دووسایدى (کەسنەزان گۆمەسپان) و (گۆمەسپان- سماقوڵى)، پارێزگاى هەولێر رایگەیاند، هەردوو پڕۆژەکە بە باشترین شێوە و كوالێتیی بەرزی شەقام و بەدەستى کرێکارى خۆماڵى بەچڕی بەردەوامە.
هەردوو پڕۆژەکە، لە چوارچێوەی گەشەپێدانی ( بەنداوی گۆمەسپان ) وەك پڕۆژەیەكی گەشتیاریی و پەرەپێدانی ئابووری دەستى پێکراوە و لەلایەن کۆمپانیای “هێمن گرووپ” جێبەجێدەکرێت.
بە تەواوبوونیان رێگای (هەولێر – سماقووڵی) کە رێگایەکى ستراتیژى گرنگە و هەردوو پارێزگای (هەولێر و سلێمانی) بەیەكەوە دەبەستێتەوە بە درێژیی ( 38 کیلۆمەتر ) دەبێتە دوو ساید.