تۆڕى هاوپەیمانى 19:
دوێنێ ئاسایش 9 کەسى لە سلێمانی دەستگیرکردووە
964+
وریا فەتاح
دوێنێ، ئاسایشى سلێمانى 9 کەسى دەستگیرکردووە و تۆڕى هاوپەیمانى 19 دەڵێت: هەڵمەتى دەستگیرکردنەکە بەردەوامە.
لە راگەیەنراوێکدا، تۆڕى هاوپەیمانى 19 بڵاوى کردەوە، دوێنێ 31ی ئابی 2025، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، هەڵمەتێكی تازەی لە دەستگیركردنی هاوڵاتیان ئەنجامداوە، جارێ نازانین تۆمەتەكانیان چین، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانیش لەبارەی هۆكاری هەڵمەتەكەیان روونكردنەوەمان ناداتێ.
تۆڕی هاوپەیمانی 19، ناوی سیانی 9 هاوڵاتی بۆ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عیراق (یونامی) ناردووەو دەیانەوێت سۆراغیان بۆ بکەن.
تۆڕەکە، نیگەرانى خۆى پیشان دەدات لەبارەى داخستنی دەرگای زانیاری لەبارەی كەیسی دەستگیركراوانی شەوی رابردوو بە تایبەت و كەیسی دەستگیركراوانی شەڕەکەى لالەزار ى شاری سلێمانی لە 22ـى ئاب.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ بەرەی گەل ئاماژەی بەوە كردووە، ماوەی 10 رۆژە هێزەكانی یەكێتی بەردەوامن لە دەستگیركردنی لایەنگرانی بەرەی گەل.
لاى خۆیەوە، سلێمان سندى، وتەبێژ و بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى دەستەى مافى مرۆڤ بۆ 964 پشتڕاستى کردەوە کە ناوى ئەو نۆ کەسەیان بەدەست گەیشتووە و بەدواداچوون دەکەن.
تۆڕی 19 كۆمەڵێك رێكخراوى داكۆكیكارى مافی مرۆڤ دایانمەزراندوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.