فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراق. فۆتۆ: 964
هەفتانە دوو گەشت دەبێت
گەشتی فڕۆكەی نێوان بەغدا و سەڵالە دەستیپێكرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکەم گەشتی فڕۆكە بە شێوەی تاقیكردنەوە لە هێڵی ئاسمانی عێراقی بۆ شاری سەڵالەی عومان ئەنجامدرا، بڕیاریشە لە سەرەتای مانگی نوێ هەفتانە دوو گەشت لە عێراقەوە بەرەو عومان ئەنجام بدرێت.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق لە زاری وەزیرەكەیەوە عەبدولڕەزاق محێبس لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ یەکەم گەشتی تاقیکاریی هێڵی ئاسمانی عێراقی لە نێوان بەغدای پایتەخت و شاری سەڵاڵەی عومان دەستیپێکرد، ئەوەش لە پەراوێزی بەشداریکردنی وەزیرەكە لە کۆڕبەندی گواستنەوەی سەوزی کەنداو کە لە لایەن شاری سەڵاڵەوە میوانداریی كراوە.
“ئەم گەشتە هەنگاوی یەکەمە بۆ کاراکردنی ڕێڕەوێکی نوێی ئاسمانی لەنێوان عێراق و میرنشینی عومان، گەشتی فڕۆکەكەش وەک ئامادەکارییەکە بۆ دەستپێکردنی فەرمی گەشتەكان لە 6.9.2025، ئەمەش دوای تەواوکردنی سەرجەم رەزامەندییە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی”، لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە.
ئاشكراشیان كردووە، هەفتانە دوو گەشت ئاسایی لە نێوان بەغدا و مەسقەتی پایتەختی عومان دەبێت، جگە لەوەش گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نەجەفەوە بۆ مەسقەت وەک قۆناغی یەکەم ئەنجامدەدرێت، قۆناغی دووەمیش گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە بۆ پایتەختی عومان لەخۆدەگرێت”.
وەزارەتەكە باسی ئەوەی كردووە، پڕۆژەی كردنەوەی هێڵی فڕۆكەوانی نێوان عێراق و عومان، بەشێكە لە پڕۆژەی فراوانكردنی هێڵی ئاسمانیی عێراق بەرەو هەموو وڵاتان.