"ئومێد هەیە پاییز بەشێکیان سەوز بکاتەوە"
گەرمای بەتین زیاتر لە 1000 دار چناری لە زاخۆ تەختی زەوی کرد
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
گەرمای بەتینی ئەم هاوینە زیاتر لە هەزار دار چناری باڵابەرزی لە زاخۆ و لەسەر جادەی ئیبراهیم خەلیل وشک کرد.
تەمەنی دارەکان دوو ساڵ و هەندێکێشیان زیاترە، کۆمپانیایەک بەناچاری لە بنەوە تەوری لێداون بەو هیوایەی جارێکی تر سەوز ببنەوە.
ئەندازیار فەلاح حەسەن بەرێوەبەری باخچەکانی زاخۆ بە 964ـی وت، “چی پێویست بوو و ئەوەی لە تواناماندا بوو کردمان بۆ ئەو درەختانە، هەر لە رشاندنی دەرمان و دابینکردنی ئاو و چاودێری بەردەوام، بەڵام بێسوود بوو و گەرمای ئەمساڵ وشکی کردن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیوایەکیان بە وەرزی پاییزە و پێشبینی دەکەن بەشێکیان سەوز ببنەوە، ئەوەشی بەتەواوتی وشک بووە و لێی هیوابڕاو بوون، نەمامێکی دیکەی لە شوێنەکەی دەچێنن.
بەقسەی ئوسامە حسێن ئەندازیاری باخچەکان و شارەزای بواری کشتوکاڵ، ئەم کێشەیە تەنیا لە زاخۆ نییە و کەمبارانی ئەمساڵ کاریگەری لەسەر ژینگە و هەموو سەوزایی کوردستان هەبووە.
دوو ساڵ دەبێت ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پڕۆژەیەکی بۆ زیادکردنی سەوازیی دەڤەرەکە راگەیاندووە و بەپێی ئامارەکانیان رێژەی سەوزایی لەو ناوچەیە ئێستا بۆ نزیکەی 6٪ بەرزبووەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری