دوو دەرۆزەکەر لە سەیدسادق

بۆ سواڵکردن چوونە ماڵەکە: کەچى دوو دەفتەر دۆلاریان لێ دزین

964+

وریا فەتاح

پۆلیسى سلێمانى، دەستگیرکردنى دوو دەرۆزەکەرى راگەیاند کە بۆ سواڵکردن چوونەتە ماڵێک لە سەیدسادق و بڕى دوو دەفتەر دۆلارى ئەو ماڵەیان دزیوە.

وەک ئەوەى پۆلیسى باسى دەکات، دەستگیرکردنى ئەو تۆمەتبارانە لەسەر سکاڵاى هاوڵاتییەک بووە کە دوو دەفتەر دۆلارى لە ماڵەکەیدا دزراوە، بۆیە مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی، دواى لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، ئەو دوو تۆمەتبارەیان دەستگیر کردووە.

ئاشکراشى کردووە، تۆمەتبارەکان بەناوى دەرۆزەکردن چوونەتە ماڵەکە، بەڵام پارەى ئەو ماڵەیان دزیوە.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى بە 964ـى وت،”دیارە لەو ماڵە ژنێکى لێ بووە و دەرۆزەکەرەکانیش فرسەتیان لێ هێناوە، کاتێک خاوەن ماڵ چووە شتیان بۆ بهێنێت ئەوان لە ژوورێکى تر ئەو پارەیەیان دزیوە”.
ئاشکراشى کرد، جگە لە سەد دۆلار، هەموو پارەکەیان لێ وەرگیراوەتەوە.

“لەئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران کە لە رەگەزى مێن،  بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 444 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و دانیان ناوە بەتاوانەكەیاندا، لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەستگیراوە بەسەر بڕێك لەپارە دزراوەكەدا”، پۆلیسى سلێمانى وا دەڵێت.