"بەبەرد و بلۆک هێرش کراوەتە سەرمان"

دەرگای مزگەوتیان لێ داخرا و بەناچاری لەسەر شەقام نوێژیان کرد

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

سەرپەرشتیاری مزگەوتی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە گەڕەکی شۆراوی کەرکوک قفڵێکی گەورەی لە دەرگای مزگەوتەکەی داوە و دایخستووە، بۆیە نوێژخوێنان ناچاربوون نوێژی مەغریب و عیشای ئەمشەو لەسەر شەقام ئەنجام بدەن.

دەرباز میقداد پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی سەڵاحەدینی ئەیوبی بە 964ـی وت، “نزیکەی چوار مانگە لەم مزگەوتە دام بێ هیچ کێشە و گرفتێک، هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ دەبێ، سەرپەرشتیاری ئەم مزگەوتە بە پاڵپشتی کەسێکی تر داوای لە من کردووە ئێرە جێبهێڵم، بە مەرجێک بڕیاری وقفی سوننەم هەیە کە لێرە پێشنوێژ و وتارخوێن بم”.

“خەڵکی ئەم ناوچەیە پشتگیری منیان کرد و پێیان قبوڵ نەبوو بەبێ هیچ هۆکارێک لێرە دەربکرێم و بڕۆم”، مامۆستا دەرباز میقداد وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەو کەسە بە بەرد و بلۆک هێرشی کردووەتە سەریان و دەرگای مزگەوتەکەشی داخستووە.

سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە سالم زەنگەنە بەڕێوەبەری وەقفی سوننە لە کەرکوک، ئەو وتی، “دەبوو ئەو مامۆستا ئاینییە ئاگاداری ئێمەی بکردایەوە و ئێستاش ئەگەر کەموکورتی لە هەر کەسێک هەبێ، جا پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەکە بێ یان سەرپەرشتیارەکە، ئەوا بە یاسا چارەسەری دەکەین”.

وتیشی، مامۆستا و نوێژخوێنانی مزگەوتی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەتوانن سبەی سکاڵا تۆمار بکەن و ئەوانیش بەدواداچوونی بۆ دەکەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

نۆ گەنجى ئەفغانى لە مزگەوتێکی کەرکوک دەستگیرکران

نۆ گەنجى ئەفغانى لە مزگەوتێکی کەرکوک دەستگیرکران

مزگەوتێک لە سنووری کەرکوک بەتەواوی سوتا

مزگەوتێک لە سنووری کەرکوک بەتەواوی سوتا