"لەگەڵ ئێران لەسەر خەت بووین"
ئاگرەكەی پێنجوێن هێشتا كۆنتڕۆڵ نەكراوە
+964
کامیار کەمال- پێنجوێن
ئەو ئاگرەكەی كە لە دەوربەری پێنجوێن هەڵگیرساوە، هێشتا بە تەواوی كۆنتڕۆڵ نەكراوە، قایمقامیش دەڵێت لە چەند كاژمێری داهاتوو بە تەواوی كۆنتڕۆڵ دەكرێت.
هێمن ئیبراهیم قایمقامی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، ئاگرەکە دەیان دۆنم زەوی و پاوان و باخی سووتاندووە، هێشتا بە تەواوی كۆنتڕۆڵ نەكراوە و هەوڵ دەدەن لە چەند سەعاتی داهاتوو كۆنتڕۆڵی بكەن.
وتیشی، شەوی رابردوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر هێڵ بوون بۆ هێنانی فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە بەڵام ئێستا پێویست نییە.
باسی لەوەش کرد، تیمی شارەزوور و سەیدسادق لە پۆلیسی دارستان هاتوونەتە قەزاکە و تا ئێستا لێرەن و هاوكارییەكی باشیان كردوون و سوپاسیان دەكەن.
دوو رۆژ زیاترە ئاگرێک لە نزیک گوندی هەڵاڵاوای پێنجوێن سەریهەڵداوە و هەرچەندە چەند جارێک کۆنتڕۆڵ کراوە، بەڵام سەریهەڵداوەتەوە و جگە لە زیانی ماددی، تا ئێستا دوو کەس بەهۆی ئاگرەکەوە برینداربوون کە دوو ژینگەپارێزی خۆبەخش بوون بەناوەکانی بێستون عەبدوڵا و ئالان یوسف و بەهۆی سەختی برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا