قولەى رانیە
ئاستى ئاوى قولە زیاتر دابەزیوە
کێشەى کەمئاوى لە رانیە قوڵتر دەبێتەوە
964+
وریا فەتاح
تا دێت ئاستى ئاوى پڕۆژەى قولەى رانیە کە 13 هەزار ماڵى لەسەرە، دادەبەزێت، بەهۆیەوە پێدانى ئاو بەو ماڵانەى لەسەر ئەو پڕۆژەیەک بۆ 30 خولەک دادەبەزێت لە 48 کاتژمێردا.
بەڕێوەبەرایەتیى ئاوى راپەڕین، لە ئاگادارییەکدا رایگەیاندووە، ئەو هاوبەشانەى دەکەونە سەر پڕۆژەى ئاوى قولە، لەمەودوا بە دوو رۆژ جارێک تەنیا 30 خولەک ئاویان بۆ دەچێت.
ئاشکراشى کردووە، ئاستى ئاوى قولە بۆ کەمتر لە 300 مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا دابەزیوە و ئەمڕۆ نەیانتوانیوە ئاوى پێویست هەڵبدەن.
داواشى کردووە، لە کێشەکە تیبگەن و کێشە بۆ میراوەکان دروست نەکەن.
ئاسۆ ئیبراهیم، سەرپەرشتیارى پڕۆژەى ئاوى قولە بە 964ـى وت،”ئاستى ئاوەکە زۆر دابەزیوە و لە مانگى نۆ زیاتریش دادەبەزێت”.
وەک باسى دەکات، ئێستا پڕۆژەکە لە یەک کاتژمێردا تواناى بەرهەمهێنانى کەمتر لە 300 مەتر سێجا ئاوى هەیە، لە کاتێکدا مانگى رابردوو 350 مەتر سێجا ئاوى هەبووە لە یەک کاتژمێردا، هەروەها پار ئەم کاتە نزیکەى 2000 مەترسێجا ئاوى هەبووە لە یەک کاتژمێردا.
ساڵى پار لەم کاتەدا، ئەو ماڵانەى کە لەسەر پڕۆژەکەن 90 بۆ 120 خولەک ئاویان پێدەدرا، دواتر دابەزى بۆ کاتژمێرێک، لە مانگى پێنجى 2025ـەوە بەرەبەرە پێدانى ئاو کەمی کرد، تا ئەمڕۆ 28.8.2025، دوو رۆژ جارێک 40 خولەک ئاویان پێدەدرا، بەڵام لە سبەینێوە دوو رۆژ جارێک تەنیا 30 خولەک ئاویان پێدەدرێت.