شاخەوان عەبدوڵا و دادوەر مونزیر ئیبراهیم
جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەوێ بوو
لە دادگای فیدڕالی باس لە چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدراڵی تاوتوێی کۆمەڵێک بابەت و دۆسیەی گرنگی سەبارەت بە كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر كرد.
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28.8.2025 بڵاویكردەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق شاخەوان عەبدوڵا لە دادگای باڵای فیدراڵی لەگەڵ سەرۆکی دادگاكە دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن کۆبووەوە.
“جێگری سەرۆكی پەرلەمان وێڕای پیرۆزبایی لە سەرۆكی نوێی دادگای باڵا بەبۆنەی دەستبەكاربوونی، هاوكات کۆمەڵێک بابەت و دۆسیەی گرنگ گفتوگۆیان لەسەر کرا، هەروەها هەردوولا کۆک بوون لەسەر پێویستی بەردەوامی هاوکاری نێوان دادگای فیدراڵی و دامودەزگاکانی دەوڵەت لە پێناو بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی دامەزراوە دەستورییەکان، بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان”، لە راگەیاندراوەكەدا باس كراوە.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، لەو بابەتانەی هەردوولا لەسەر رێككەوتن و كۆك بوون، پاڵپشتیکردنی رۆڵی دادگا بوو لە چاودێریکردنی دەستووری یاسادانان و ئەو بڕیارانەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دەردەچن و جێبەجێ دەكرێن، هەروەها چارەسەرکردنی کێشە و فایلە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور.
راگەیاندراوەكە دەڵێت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان هەروەها پاڵپشتیی خۆی بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وەک دامەزراوەیەکی دەستووری و پارێزەری یاسا بۆ سیستەمی فیدراڵی دەربڕی.
لە رۆژانی رابردوو دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن وەك سەرۆكی نوێی دادگای باڵای فیدڕالی دەستبەكار بوو.