شاخەوانانى کورد لەسەر لوتکەى چیای ئارارات
گەیشتنە خاڵى کۆتایى
لە گەشتێکى سەرکێشىدا؛ شاخەوانانی کورد لووتکەی ئاراراتیان بەزاند
964+
وریا فەتاح
لە گەشتێکی پڕ سەرکێشی و مێژووییدا، رۆژی 27-08-2025، محەمەد باوەکر، نووسەر، شاعیر و شاخەوانی دیار و ئەندامی رێکخراوی شاخەوانیی هەڵۆ، لەگەڵ ژمارەیەک شاخەوانی بەئەزموونی شاری هەولێر، بە سەرکەوتوویی گەیشتنە لووتکەی بەفراوی چیای ئارارات (ئاگری).
لوتکەکە 5137 مەتر لە ئاستی ووی دەریاوە بەرزە و، بە یەکێک لە لووتکە سەخت و بەناوبانگەکانی جیهان دادەنرێت.
چیای ئارارات، کە بە درێژایی 32 کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئەرمینیا و رۆژهەڵاتی کوردستان و دەکەوێتە باکووری کوردستانەوە، خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەند و گرنگییەکی ئایینی و کولتووری گەورەیە.
ئازاد گەردى سەرپەرشتیارى راگەیاندن و دامەزرێنەرى رێکخراوى شاخەوانى هەڵۆ بە 964ـى وت،” ئەم چیایە، کە وەک هێمایەکی پیرۆزی ئەرمینیا و جێگەی شانازیی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان سەیر دەکرێت، لە کتێبی پیرۆزی ئینجیلدا ئاماژەی پێکراوە وەک ئەو شوێنەی کەشتییەکەی نوح دوای لافاوە گەورەکەی پێش زایین لەسەری نیشتووەتەوە”.
“ئارارات بەرزترین خاڵی تورکیایە و لە وەرزی بەهار و هاویندا ژینگەیەکی لەبار و دڵڕفێنی هەیە، ئەم چیایە بە نیشتمانی باڵندەی کەو ناسراوە و جۆرەها باڵندە و ئاژەڵ و گیانلەبەری کێوی تێیدا دەژین و ژیانیان پارێزراوە”، ئازاد گەردى واى وت.
دەشڵێت: سەرەڕای جوانییەکانی، ئارارات چیایەکی سەختە و تەنها لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا گونجاوە بۆ سەرکەوتن، چونکە لە وەرزی زستان و بەهاردا، کەشوهەوایەکی سارد و ئاڵۆزی هەیە و سەرکەوتن بۆی مەحاڵ دەبێت.
جەختیش دەکاتەوە، ئەم دەستکەوتەی شاخەوانانی کورد و ئەندامى رێکخراوەکەیان، نیشانەی ئازایەتی و خۆڕاگری و خۆشەویستییانە بۆ سروشت و شاخەوانى.