دیمەنی نۆژەنکردنەوەی خانووە کەلەپوریەکەی کفری.وێنە.شوێنەواری گەرمیان
لە کفرییەوە دەستپێدەکەن
بینا کەلەپووری و شوێنەوارییەکانی گەرمیان دۆکیومێنت دەکرێن
964+
شۆڕش قادری
بینا کەلەپووری و شوێنەوارییەکانی ناوچەی گەرمیان دۆکیومێنت دەکرێن، قوناغی یەکەمی پڕۆژەکەش لە بیناکانی ناو شاری کفرییەوە دەستپێدەکات.
زانکۆی گەرمیان دەیەوێت، بە کۆکردنەوە و بەڵگەنامەکردنی داتا و زانیاریی پەیوەندیدار بەهەموو شوێنەوارە مێژووییەکانی کفری و دوبارە دروستکردنەوەی نەخشە و سێکشنی خانووە کۆنەکان، وردەکاری بیناکان بە شێوەی زانستی و فۆرماڵ تۆمار بکات و لەگەڵ ئەوەشدا، شوێنەوارەکان لەسەر بنەمای مێژووی درووستکردنیان، جۆری مەوادی بەکارهاتوو و ستایڵە بیناسازییەکانیان، پۆلێنبەندی بکات.
بەپێی راگەیەنراوێکی شوێنەواری گەرمیان ئەم بابەتە لە یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی پرۆژەی دۆکیومێنتکردن و پۆلێنکردنی شوێنەوارە مێژووییەکانی کفری باسی لەبارەوە کراوە کە بە سەرۆکایەتی ئاراس فەریق سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و بەشداری ساهیر عەلی قایمقامی کفری و ساڵح محەمەد بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپوری گەرمیان بەڕێوەچووە.
بەقسەی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان پڕۆژەکەیان ئەم گرنگیانەی خوارەوەی هەیە؛
1. پاراستنی ناسنامەی مێژوویی و کەلتوری: ئەم شوێنەوارانە هۆکارێکی گرنگن بۆ بیرخستنەوەی مێژوو و ناسینەوەی رەوتی ژیان و ئاستی تەکنەلۆژیای بیناکاری لەڕۆژگاری کۆن لە ناوچەکەدا، بۆیە دۆکیومێنتکردنیان دەبێتەهۆی پاراستنی کەلتور و مێژووی شاری کفری.
2. سەرچاوەی زانستی بۆ توێژینەوە: زانیاری کۆکراوە و بەڵگەنامەکراوەکان دەبن بە بنەمایەکی بەهێز بۆ توێژەرانی بواری کەلتور و مێژووی بیناکاری ناوچەکە.
3. ڕێنمایی بۆ پاراستن: ئەم پرۆژەیە سەرجەم شوێنەوارەکان پۆلێن دەکات و رێنمایی و رێکاری تایبەت بە پاراستنی شوێنەوارەکان پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار دەکات، تاوەکو لە داهاتوودا بتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت بۆ نۆژەنکردنەوەی هەریەک لەو شوێنانە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردراوە لیژنەیەکی باڵا لەنێوان زانکۆی گەرمیان و زانکۆی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە پێکبهێنرێت و نەخشەیەکی بنەڕەتی تایبەت بە شوێنەوارەکانی کفری دروست بکرێت.