قیرتاوكردنی شەقامێكی هەولێر، فۆتۆ: شارەوانیی هەولێر
هەولێر
قیرتاوکردن و چاککردنەوەی چەندین شەقام لە گەڕەکەکان ئەنجامدرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شارەوانیی هەولێر راناوەستن و هەڵمەتی قیرتاوكردن و چاككردنەوەی شەقامەكانی چەند گەڕەكێكی شاریان دەستپێكردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 25.82025 تیمەکانی شارەوانی لە هەر شەش بەڕێوەبەرایەتی سەر بە سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ کارگەی قیڕی سەرۆکایەتیی شارەوانی، هەڵمەتێکی فراوانی قیرتاوکردن و چاککردنەوەی چاڵ و شکستەکانی شەقام و کۆڵانەکانیان ئەنجام دا.
بەپێی راگەیاندراوی سەرۆكایەتیی شارەوانی، تیمەكان لە ( گەڕەکی سێتاقان نزیک مزگەوتی سەید غەریب، شەقامی کۆیە نێوان هەردوو شەقامی 30 مەتری و 60 مەتری، هەروەها شەقامی 40 مەتری و دوو سایدی نازناز نێوان شوقەکانی زەکەریا و شوقەکانی شەهیدان، شەقامی عەنکاوە و شەقامێکی 30 مەتری لە گەڕەکی هەولێری نوێ، شەقامی 100 مەتری پێش قوتابخانەی نالی و زانکۆ و 99 و گەڕەکی کوردستان و بەردەم بازاڕی لەنگە لە 40 مەتری) كاریان كردووە.
ئاماژە بەوەش كراوە، هەڵمەتەکە لە رێگای چەندین ئامێری جۆراوجۆر بە بڕینەوە و شکاندن و فڕێدان و برایمکۆتکردن ئەنجامدرا، لەگەڵ کۆی گشتی بەرهەمهێنانی تێکەڵەی قیڕی بەکارهاتوو بە بڕی زیاتر لە 407 تۆن، کە لەلایەن کارگەی قیڕی سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێرەوە ئامادە کرابوو .
لەگەڵ ئەو هەڵمەتەی شارەوانیی هەولێر، بەڵام وەك ئەوەی پەیامنێرانی 964 تێبینییان كردووە، هێشتا زۆر شوێن و شەقامی دیكە هەن، كە پێویستیان بە چاككردن و قیركردنەوە هەیە، بە تایبەتی بەشێكی شەقامی 100 مەتری، بە دیاریكراوی بەردەم نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا تا دەگاتە تونێلی ژێر فلكەی باز، كە زۆر تێكچووە.